یاریزانانی عێراق داوای پاداشتە داراییەکانیان دەکەن

هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق
هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق

یاریزانانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق داوای پاداشتی بردنەوەکەیان بەرامبەر ژاپۆن و ڤیەتنام لە جامی ئاسیای 2023 هەروەها بردنەوەکانی بەرامبەر فیلیپین دەکەن.

سەرچاوە نێوخۆییەکانی عێراق بڵاویان کردووەتەوە، یاریزانانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق، نامەیەکیان ئاراستەی فێدراسیۆنی تۆپی پێ وڵاتەکەیان کردووە، بۆ ئەوەی پاداشتی بردنەوەکانی جامی ئاسیا، بەرامبەر هەڵبژاردەکانی ژاپۆن و ڤیەتنام پێشکەش بکەن، هەروەها ئەو بەڵێنەشیان پێدراوە بەرامبەر بردنەوەیان بەرامبەر فیلیپین، لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال خەڵات بکرێن.

سەرچاوەکانی بڵاویشیان کردووەتەوە پاداشتی بردنەوەکان بۆ هەر یاریزانێک نزیکەی 19 هەزار دۆلارە، بەڵام لەبەر نەبوونی پارە لە فێدراسیۆنی تۆپی پێ، تاوەکو ئێستا خەڵات نەکراون.

هەڵبژاردەی عێراق لە جامی ئاسیای 2023 لە کۆمەڵەی چوارەم، توانی سێ بردنەوە بەرامبەر هەڵبژاردەکانی ژاپۆن و ڤیەتنام و ئێندەنوسیا بەدەست بێنێت و وەکو پێشەنگی کۆمەڵەکە، گەیشتە قۆناغی شازدەی پاڵەوانتیەکە، هەروەها لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە جامی ئاسیای 2027 و مۆندیالی 2026، لە هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوە توانیان لە فیلیپین ببەنەوە.