نایەمەکی پڕ لە هەست لە کلۆپەوە بۆ هاندەرێکی لیڤەرپوول

یۆرگێن کلۆپ راهێنەری لیڤەرپوول
یۆرگێن کلۆپ راهێنەری لیڤەرپوول

لە ماوەی ڕاهێنەرایەتی لەگەڵ یانەی لیڤەرپوول، یۆرگن کلۆپ پەیوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ هاندەرانی یانەکەی هەبووە، بەتایبەت هاندەرانی گەنج؛ لەم ماوەیەدا پیاوە ئەڵمانەکە پەیوەندیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەگەڵ هاندەران پاراستووە و هەندێک جاریش وەک ڕاوێژکارێک قسەیان لەگەڵ دەکات.

لەم دواییانەدا منداڵێکی هاندەری ڕیدز کە لەگەڵ نەخۆشی "دڵەڕاوکێ"دا خەریکی ململانێیە، داوای لە ڕاهێنەری ئەڵمانی یانەکەی کرد هاوکاریی بکات، ڕاهێنەرەکەی ڕێدزیش لە وەڵامی ئەو منداڵە نەخۆشە لە نامەکەیدا نووسیویەتی '' سڵاو لویس، ڕێگەم پێبدە بە نهێنییەک دەست پێ بکەم، هەندێک جار منیش تووشی دڵەڕاوکێ دەبم، ئەگەر تەواو ڕاستگۆ بم، ئەگەر تووشی دڵەڕاوکێ نەبوومایە، نیگەران دەبووم. چونکە ئەم هەستە دەرفەتێکم پێدەبەخشێت کە ئەو وزەیە بکەم بە شتێکی ئەرێنی. دەزانم ڕەنگە سەیر بێت کوڕێکی هاوتەمەنی تۆ بیر لەوە بکاتەوە کە ڕاهێنەری لیڤەرپوول دەتوانێت هەمان هەستی تۆی هەبێت. لە نامەکانتدا ڕوونە کە تۆ زۆر بیرمەند و میهرەبانیت و بەم جۆرە سیفەتە تا ڕادەیەک مەحاڵە  لە دڵەڕاوکێ دوور بکەویتەوە. پرسیارت کرد چی دەکەم کاتێک یاریزانەکانم هەست بەم جۆرە دەکەن؟ وەڵامەکە سادەیە، بیریان دەخەمەوە کە ئەوان چەندە بۆ من گرنگن و چەندە باوەڕم پێیان هەیە، گومانم نییە کە خێزانەکەت بە تەواوی هەمان هەستیان هەیە بەرامبەرت ''.

کلۆپ لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا دەڵێت '' پێویست ناکات خەمی شتی خراپت هەبێت، وەک دەزانن چەندین یاری کۆتاییمان دۆڕاندووە و هەستێکی خۆش نییە، بەڵام بە هاوکاریی خێزان و هاوڕێکانم بەردەوام بووم و لە کۆتاییدا چەند ڕۆژێکی بەڕاستی خۆشمان بەسەر برد. ئەگەر سەرنجم لەسەر ساتە ناخۆشەکان بووبایە، دەزانم ئەم شتانە ڕووی نەدەدا. بۆیە تکایە تێڕوانینێکی ئەرێنی بۆ خۆتان هەبێت و بەوپەڕی چاوەڕوانییەوە چاوەڕوانی ئەو ڕۆژە نایابانە بن کە دەزانم وەک گەورەساڵێک بەسەرتان دەبەن. لەبیرت نەچێت کە تۆ بەشێکیت لە خێزانی لیڤەرپوول و ئەوەش مانای وایە ملیۆنان کەسی هاوشێوەی تۆ هەن کە دەیانەوێت تا دەتوانیت دڵخۆش بیت. پشتگیری ئێوە بۆ من و هەموو کەسێک لە لیڤەرپوول مانای زۆری هەیە، بۆیە هیوادارم ئەم نامەیە نیشان بدات کە ئێمەش پشتگیری ئێوە دەکەین. هەرگیز بە تەنیا نیت ''.

یۆرگێن کلۆپ و هاندەرەکەی لیڤەرپوول
یۆرگێن کلۆپ و هاندەرەکەی لیڤەرپوول