لە سۆران شوێنی حەوانەوەی پزیشکان کرایەوە

K24 – هەولێر

بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی سۆران رایگەیاند، شوێنی مانەوەی پزیشکان لە سۆران لە 10یەکەی حەوانەوە پێکدێت، بە گوژمەی 250 ملیۆن دینار.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ئاداری 2024،  د. کامەران مەلا محەممەد، بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی سۆران بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە پێناو ڕاکێشان و باشترین پزیشکی پسپۆڕی زیاتر بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، یەکێک لە ئامانجەکانمان ڕێکخستنی شوێنی مانەوەی پزیشکییە کە زۆرجار پزیشکان گلەییان دەکرد لە ئیدارە سەربەخۆکان کە شوێنی مانەوەی تێیدا نییە.

بەگوتەی ئەو، "ئەمڕۆ خانووی مانەوەی پزیشکانی سۆران کرایەوە، کە لە 10یەکەی نیشتەجێبوونی خێزانی پێکهاتووە، بۆ ئەو پزیشکانەی کە بە خێزانی دەمێننەوە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و لە نەخۆشخانەکانی ئێمە، ئەمەش دەبێتە هۆی هاندانی پزیشکی زیاتر بۆ ئەوەی بێنە ناو نەخۆشخانەکانی سۆران، واشدەکەین کە پزیشکان زیاتر چاویان لەسەر نەخۆشەکان بێت، نەک گلەیی و گازندەیان لە شوێنی مانەوەیان هەبێت."

کامەران مالا محەممەد گوتیشی: "گوژمەی پڕۆژەکە زیاترە لە 250ملیۆن دینار لەسەر بودجەی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراوە."

لای خۆیەوە هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری  ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە کوردستان24ـی گوت: "لەدوای بڕیاردان بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گرنگییەکی تەواو بە نەخۆشخانەکان و بنکە تەندروستییەکان دراوە، ئەوەی ئێمە زیاتر تیشکمان خستووەتە سەری و هەوڵمانداوە بۆ چارەسەرییەکان، ئەوەی کەمترین هاووڵاتیی سەردانی دەرەوەی سۆران بکەن."

گوتیشی: "لەهەوڵداین زۆرترین پزیشکی پسپۆر بۆ نەخۆشخانەکان دابنێین و زۆرترین ئامێری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەکان دابین بکەین، ئەو پێداویستییانەی کە وایکردووە هاووڵاتییان سەردانی نەخۆشخانەکانی دەرەوەی سۆران بکات، ئێمە ئەو پیداویستییانەمان دابین کردووە".

راشیگەیاند، لە دواین کۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران، سەیری ئەو ئامارانە کراوە و بەراوردمان کردووە بە ئاماری ساڵانی ڕابردوو، بەڕێژەیەکی بەرچاو سەردانی نەخۆشخانەکانی دەرەوەی سۆران کەمی کردووە. هەوڵەکانیشمان لەو پێناو ئەوەبووە کە هاوولاتییان پێویستییان بە هیچ سێکتەرێکی دەرەوەی ئیدارەی سۆران نەبێت.

هەڵگورد شێخ نەجیب دەشڵێت: "لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە هەموو هەنگاوێکمان گرتووەتەبەر و هەنگاوەکان بەرەو ئاڕاستەیەکی دروست دەروات، بۆ ئەوەی هەرچی پێداویستی هەیە بۆ هاووڵاتییانی سۆران و شارەدێ و شارۆچکەکانی سۆران دابین بکەین. بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان لە شوێنی خۆیان بکرێت، هەر بۆیە لەو ڕوانگەوە دەبێت دکتۆرەکانیش شوێنی گونجاویان هەبێت تابتوانن بەشێوەیەکی گونجاو خزمەت بە نەخۆش بکەن."