مەسرور بارزانی فەرمانی تەرخانكردنی گوژمەی پێویست بۆ پڕۆژەی ماستەرپلانی هەڵەبجە دەرکرد

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان فەرمانی کرد بە تەرخانكردنی گوژمەی پێویست بۆ پڕۆژەی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ـی ئاداری 2024، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان فەرمانی دا بە تەرخانكردنی گوژمەی پێویست بۆ پڕۆژەی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجە.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: "سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ پارێزگەی هەڵەبجە فەرمانی كرد كە پڕۆژەی ماستەرپلانی هەڵەبجە جێبەجێ بكرێت و دوای ئەوەی كە لەسەر فەرمانیان سەردانی پارێزگەی هەڵەبجەمان كرد و لە وەزارەت وردەكاریی پرۆژەكەمان دراسەت كرد و دواتر بۆ نووسینگەی جەنابی سەرۆكوەزیرانمان بەرزكردەوە، بە سوپاسەوە لە ڕۆژی 25ی ئاداری 2024، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان فەرمانی دا بە تەرخانكردنی ئەو گوژمەیەی كە پێویستە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجە و پێدانی دەسەڵات پێمان بۆ ئەوەی هەنگاوەكانی پرۆژەكە بەزووترین كات دەست پێ بكەین و جێبەجێی بكەین".

سەبارەت بە گرنگیی پرۆژەكە و كاریگەریی لەسەر ڕێكخستنەوە و پێشخستن و گەشەپێدانی شاری هەڵەبجە، ساسان عەونی، دەڵێت، "ماستەرپلانی هەڵەبجە لە ئەولەویەتی پرۆژەكانی حكوومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردایە لە بواری دروستكردنی ماستەرپلان بۆ شار و شارۆچەكان".

بە گوتەی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، جێبەجێکردنی ماستەرپلانی هەڵەبجە "دەبێتە هۆی بووژانەوە و پەرەپێدان و گەشەسەندنی شاری هەڵەبجە لە هەموو ڕووێكەوە و دەبێتە بنەمای ژێرخانی شارەكە. ئەو پرۆژەیە پرۆژەیەكی فراوانە و سەرجەم سێكتەرە گرنگەكانی شارەكە لەخۆ دەگرێت و لە داهاتوودا هەڵەبجە قۆناغێكی نوێ و پێشكەوتوو بەخۆیەوە دەبینێت".

وەکو ئەوەی ساسان عەونی باسی کرد، "لە پڕۆژەی ماستەرپلانەكەدا، لایەنە كاریگەرەكانی وەكوو ئاراستەی فراوانبوونی شار و بەكارهێنانی زەوی و دیاریكردنی ناوچەی پیشەسازی، نیشتەجێ، كشتوكاڵی، گەشتیاری، بازرگانی، خزمەتگوزارییە گشتییە پێویستەكان دیاری دەكرێت، بە لەبەرچاوگرتنی فاكتەرە ژینگەیی، دیمۆگرافی، كۆمەڵایەتی، ئابووری، تەندروستی و پەروەردەییەكان و چەندین بواری دیكەی پەیوەست بەو بابەتە، هەروەها پێگەی مێژوویی هەڵەبجە و ڕۆڵ و كاریگەری ئەم شارە لەبەرچاو دەگیرێت".

دوای بڕیاری تەرخانكردنی گوژمەكە لەلایەن سەرۆكوەزیرانەوە، وەکو ئەوەی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار باسی کرد، "كارەكانی پرۆژەكە پێدەنێتە قۆناغێكی پێشكەوتووەوە و پرۆسەی كاركردن خێراتر دەبێت و دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە".

رۆژی (22ـی شوباتی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی پارێزگەی هەڵەبجە کرد و دوای  بەسەرکردنەوەی مۆنیۆمێنتی هەڵەبجە و دانانی تاجە گوڵینە، لە رێورەسمێکی تایبەتدا، بەردی بناغەی رێگەی هەڵەبجە - تووەقوت - قلیجە و پردی تووەقوتی دانا و دواتریش چەندین دیداری لەو شارە ئەنجامدا.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە رێورەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و جەختی لەوە کردەوە کە "خەڵکی ئەم دەڤەرە، قوربانییەکی زۆریان داوە و ئازارێکی زۆریان چەشتووە. هەڵەبجە ئەمڕۆ بووەتە سیما و سیمبولی قوربانیدان و نەهامەتییەکانی خەڵکی کوردستان؛ بەڵام جێی داخە، کە هەڵەبجە وەکو پێویست خزمەتی نەکراوە و لەم ڕووەوە پێویستە بەرپرسانی ئەم دەڤەرە و هەموومان، خۆمان بە قەرزاری خەڵکی هەڵەبجە و کەسوکاری گشت شەهید و ئەنفالکراوانی کوردستان بزانین".