چیرۆکی ئەو هەڵبژاردەیەی دوای 24 ساڵ گۆڵی کرد

یاریزانانی هەڵبژاردەی ئەنگویلا
یاریزانانی هەڵبژاردەی ئەنگویلا

ئەنگویلا دوورگەیەکی بچووکە و دەکەوێتە دەریای کاریبی، هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەم وڵاتە 24 ساڵ بەسەر دوا گۆڵیان لە یارییەکی فەرمی تێدەپەڕێت و دوای ئەوەندە ساڵە سەرکەوتوو بوون لە گۆڵ تۆمار کردن.

دوایینجار دانیشتوانی ئەنگویلا کە دوورگەیەکی بچووکە لە دەریای کاریبی سەر بە خاکی بەریتانیایە، دڵخۆش بوون بە تۆمارکردنی گۆڵێک لەلایەن یاریزانانی هەڵبژاردەکەیان، لە ساڵی 2000 بوو و ئەو کاتە هیچ مۆبایلێکی زیرەک نەبوو!

لە بەردەوامی قۆناغی یەکەمی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئەمریکای باکوور بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026، هەڵبژاردەی ئەنگویلا لە یەکەم یاریی خۆی، رووبەڕووی هەڵبژاردەی دوورگەکانی تورکس و کایکۆس بونەوەو یارییەکەشیان بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان بردەوە و گەیشتنە قۆناغی دووەمی پاڵاوتنەکان.

پێشکۆتایی هاتنی گێمی یەکەم، لوک پاریس کە لە خولی پلە حەوتەمی ئینگلتەرا یاری دەکات، گۆڵی یەکسانکردنەوەی تۆمارکرد. ئەوە یەکەم گۆڵی ئەنگویلا بوو لە یارییەکی فەرمی لەوەتەی ساڵی 2000 و دواجار دانیشتوانی ئەم دوورگەیە دوای 24 ساڵ ئاهەنگیان بەبۆنەی گۆڵ کردن گێڕا.

ئەنگویلا لە یاریی چوون بەرامبەر رکابەرەکەی بەبێ گۆڵ لە دەرەوەی یاریگای خۆی یەکسانبوو، دواجار لە یاری گەڕانەوە بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان بردنەوەیان بەدەستهێنا. ئەنگویلا ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 15 هەزار کەسە بەپێی دوایین داتای فەرمی بۆ ساڵی ٢٠٢٣. هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە لە کۆمەڵەی چوارەم ڕووبەڕووی هەڵبژاردەکانی سلڤادۆر و پۆرتۆریکۆ و سانت ڤینسێنت و گرێنادین و سورینام دەبێت.

هەڵبژاردەی سان مارینۆ درێژترین ماوەی تۆمار کردووە لە سەرنەکەوتن لە یارییەک و لە دوای ئەوانیش دوورگەی ئەنگویلا دێت، ئەو هەڵبژاردەیە واتە ئانگویلا لە ریزبەندی فیفا لە کۆی 210 هەڵبژاردەی جیهان، لە پلەی 209 دێت و سان مارینۆش لە دوای ئەوان لە پلەی 210 دێت.