ئایا دەکرێ دەوڵەتی قووڵ لە عێراق بڕیار لەسەر هەڵبژاردنەکانی هەرێم بدات؟

Kurd24

ئەوەی کە لایەنە عێراقییەکان لە ڕابووردوودا ڕەتیان دەکردەوە، بەراورد کردنی میلیشیا شیعەکان بوو لەگەڵ هێزی چەکداری فەرمی (سوپا)، کە لە ئێستادا زۆر لەو میلیشیانە لاوازترە، چونکە میلیشا شیعەکان نوێنەرایەتی سیاسییان هەیە و بەشدارن لە دامەزرانی حکوومەتی سوودانی و لایەنی سەرەکین لە دروستکردنی بڕیار و لە ڕووی ئابوورییەوە زۆر کاران و خاوەنی سەرچاوەی دارایی خۆیانن، ئەگەر چی حکوومەتی عێراقیش بە بەردەوامی هاوکاری داراییان دەکات و لەسەر پێیە بۆ خزمەتکردنیان.

میلیشیاکان زۆر بە ئاشکرا بوون بە کارخانە بۆ بەرهەمهێنانی میلیشیای نوێ، کە پیشەیەكی پڕ داهاتە بۆ ئەو کەسانەی، کە لە عێراقێکی دەوڵەمەند خاوەن پیشە نین.

سەرەتا ئەم میلیشیانە وەک شەڕکەر یان وەکوو سوپای ئەمنی دەست بەکاربوون، دواتر گەشەیان کرد تا ئەوەی بوون بە ڕێکخراوەی تایبەت و گرووپی شەڕکەر، هاوشێوەی مافیاکان، بەمەبەستی پاراستنی ئەو کەسایەتییە گرنگانەی، کە لە عێراقی نوێدا بەرپرسیارێتی هەستیاریان لە ئەستۆ گرت.

عێراق وەکو دەوڵەتێکی شکستخواردوو و خاوەن حکوومەتێکی گەندەڵ بە زۆری پشت بەم  چەکدارە میلیشیانە دەبەستی بۆ پاراستنی خاك و سنوور و دامەزراوەکانی، تا ئەم تاقم و گرووپانە وایان لێ هاتووە، ئەرکەکانیان لە دەرەوەی یاسا ئەنجام بدەن و هیچ دەسەڵاتێ نەتوانێ ڕێگرییان لێ بکات.

کاتێ پاش ساڵی 2011 شەڕ لە سووریا دەستی پێکرد، سوپای پاسداران لە ڕێگەی میلیشیا جۆراوجۆرەکانیەوە سەرکردایەتی ئەو شەڕەی دەکرد، ئینجا هەڵسا بە بەکارهێنانی سوپای مەهدی، عەسایب ئەهل حەق، سەرایا ئەلخوراسانی، بزووتنەوەی ئەلنوجەبا، کەتائیب ئیمام عەلی، حزبوڵڵای عێراقی و زەینەبیون بۆ مەبەستی دیارکیراوی خۆی، کە بریتییە لە هەناردەکردنی ئینقلابی ئیسلامی بۆ دەرەوەی سنووری وڵاتەکەی و فراوانکردنی هەژموونی. دواتر دەیان گرووپ لە هەر ڕێکخراوێک لەم ڕێکخراوانە، پاش وەرگرتنی مۆڵەت لە ئێران،  لقیان لە پارێزگاکانی عێراق و  سنووری عێراق و ئێران کردەوە.

قاسم سولەیمانی پێش کوژرانی لەلایەن ئەمریکاوە، کاری کرد بۆ دروستکردن و پێکهێنانی هێزەکانی حەشدی شەعبی. ئەوەی جێی سەرنجە چەکەکانی ئەم ڕێکخراوە پێشکەوتووترە لە چەکی گرووپی ڤاگنەری ڕووسی، بەڵام بەراورد بە گرووپی ڤاگنەر، حەشد کەم ئەزموون ترە و کەمتر ڕاهێنانی پێ کراوە.

زۆر جار ئەوە باس دەکرێ، کەوا مەبەستە حەشدی شەعبی لە عێراق بخرێتە ژێر ڕکێفی حکوومەتی سوودانییەوە بۆ دیاریکردنی ئەرك و جوڵەکانی، بەڵام ئەوە تەنیا هەر قسەیە و هیچی تر.

چوارچێوەی هەماهەنگی، کە شانازی دەکات، ڕێکخراوێکی سەر بە ئێران بێت، هەوڵدەدات ژمارەی حەشدی شەعبی بۆ 238 هەزار کەس زیاد بکات، ئەگەر ئەو کارە ئەنجام بدرێ، ئەوا بەدڵنیاییەوە ژمارەی میلیشیاکانی حەشد بە ڕێژەی 95٪ زیاد دەکات و دەوڵەت دەبێ بە قووڵی دەست بکات بە گیرفانی هاووڵاتییانی و کۆمەکی دارایی ئەم ڕێکخراوە بکات.

ئەمڕۆ رێکخراوی حەشدی شەعبی بازاڕی گەندەڵی تەنیوە و کار لەسەر بە قاچاخ بردنی پارە و ماددە هۆشبەرەکان دەکات و تەنانەت دەستی هەیە لە کوشتنی ئەو چالاکوانانە لە عێراق، کە ڕەتی دەکەنەوە ڕژێمی ئێران هەژموونی هەبێت بەسەر سەروەری دامەزراوەکانی ئەم وڵاتە بێ سەروەرە.

هەر کەسێ لێکۆڵینەوە لە واقیعی سیاسی عێراق بکات، بۆی دەردەکەوێ، کە عێراق لە ڕێگایە بۆ بوون بە حکوومەتی میلیشیاکان.  حکوومەتی سوودانی، کە پاڵپشتی میلیشیاکانی هەیە، چونکە ئەم حکوومەتە پۆستەکانی لەسەر بنەمای تایفی دابەشکردووە و میلیشیاکان پشکی شێریان بەرکەوتووە، پاش ئەوەی بەرەی سەدر خۆی لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق کشاندەوە. 

سوودانی بە هیچ شێوەیەك مەبەستی نییە بکەوێتە پێکدادان لەگەڵ میلیشیاکان، چونکە ئەو بڕوای بەوە هەیە، کە بوونیان پێویستە بۆ پاراستنی مەزهەب و حکوومەتەکەی. هەر بۆیە وەزیر و باڵیۆز و بەڕێوبەرە گشتی و ڕاوێژکار و شارەزایانی سەر بەو میلیشیانە تەواوی جومگەکانی حکوومەتەکیەی سوودانیان تەنیوە. هەموو ئەو هەنگاوانە بێ ڕەزامەندی نووری مالکی، کە هێشتا لەلایەن سوودانی بە سەرکردە دەخوێندرێتەوە، ئەگەر چی بۆ ڕای گشتی وای دەنوێنێ، گوایە سەبەخۆیە.

مالکی، کە نایەوێ حکوومەتەکەی سوودانی شکست بهێنێ، چونکە دەزانێ ئەگەر دۆخەکە گۆڕانکاری بەسەردا بێت، ئەوا شەپۆڵی ناڕەزایەتی دووبارە سەرهەڵدەداتەوە و ناسەقامگیری زیاتر ڕوو لەو دۆخەی ئێستای عێراق دەکات، لە کاتێکدا خودی مالکی نایەوێت ئەم حکوومەتەش بە سەرکەوتوویی ببینێ، چونکە ئەو پێی باش نییە بە بەهێزبوونی حکوومەت پێگەی میلیشیاکان کەم بێتەوە. بە دڵنیاییەوە مالکی خۆی بە باوکی مقاوەمە دادەنێ، ئەگەر میلیشیا و موقاوەمە نەمێنێ، ئەوا زۆر ئاسان دەبێ بە هۆکاری گەندەڵییەکانی ڕووبەڕووی دادگا بکرێتەوە.

دەوڵەتی قووڵ لە عێراق زۆر دەمێکە کار بۆ گەڕاندنەوە عێراق بۆ سەردەمی ناوەندێتی دەکات، هەر بۆیە زیاتر لە یەك دەیەیە بە هەموو جۆرێ نەخشە دادەڕێژێ و هەوڵ دەدات بۆ نەهێشتنی فرەیی و سیستەمی فیدڕاڵییەت و بوونی هەرێم وەکو قەوارەیەکی دەستووری بەهێز لە چوارچێوەی ئەو عێراقە. دەستێوەردان لە کاروباری هەرێم، بە تایبەتی ئەوە پەیوەندی بە مافە دەستورییەکانی هەرێمەوە هەبێت، لەو سۆنگەیەوە سەرچاوەی گرتووە، کە دەوڵەتی قووڵ بە بەردەوامی کاری بۆ دەکات.

ئەمڕۆ هەرێم سەرکردەیەکی  نیشتمان ساز و دەوڵەت سازی هەیە و لە لایەن دەستێکی نیشتمانپەروەرەوە بەڕێوەدەچێت، کە هەرگیز ڕێگە نادات چارەنووسی گەلەکەی بکەوێتە ژێر دەست دەوڵەتی قووڵ لە عێراق و خواست و فەرمانی هێزی دەرەکی جێبەجێ بکرێ، تا شێوازی ژیان و ئازادییەکانی گەلی کوردستان بگۆڕدرێ بۆ ژێر دەستی و کۆیلایەتی و پاشاگەردانی و سەپاندنی فەرهەنگی میلیشیا و مافیا و قاچاخچییانی ماددە هۆشبەرەکان و چاندنی هزری تایفەگەری سەردەست بێت و دژایەتی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتە و ئێتنەکان و ئاینەکان بکرێت.

دەوڵەتی بەهێز پێویستی بە ملییشیا نییە، پێویستی بە چارەسەری سیاسی و هێورکردنەوە و پرۆژە و سەقامگیری و پەرەپێدان هەیە، وەکو چۆن لە مالیزیا و سەنگافورە لە ڕێگەی سەرکردەی دڵسۆز و نیشتمانپەروەرەوە کار کرا بۆ گۆڕینی بەندەرێکی نیمچە تاریك بۆ دەوڵەتگەلێ، کە ڕووناکی بڵاودەکەنەوە و فڕۆکەخانەکانیان بێ وچان لە جوڵەن و ئاشتی دەگوازنەوە و ئارامی بە جیهان دەبەخشن. 

میلیشیا چەکدارە شیعەکان ناتوان دەوڵەت و شارستانییەت دامەزرێنن، میلیشیا چەکدارە شیعەکان ناتوان پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ دەوڵەتانی جیهان دروست بکەن، میلیشیا چەکدارە شیعەکان وەکو سەرچاوەی سەرەکی بۆ گەندەڵی حکوومەت و کوشتن و تێرۆر وتێکدانی ئارامی و ئاسایش و سەقامگیری و پێشکەوتن دەمێننەوە و ناتوانن بەو هزرە تۆتالیتارەیان ڕەفتاریان بگۆڕن.

لە کۆتاییدا دەڵێین، مەترسیدارترین هەڕەشە بۆ سەر هەرێم ئەوەیە، میلیشیا و حزبە تایفەگەرییەکانی، کە ئیدعای دینداری دەکەن، لە ڕێگەی خاك فرۆشان و خۆفرۆشان هەژموون بەسەر بڕیاری سیاسی لە هەرێم بەدەست بهێنن. ئەم حزبانە سڵ ناکانەوە و لە ڕابردوودا سڵیان نەکردۆتەوە لە ئەنجامدانی قێزەونترین تاوان و دزینی هەموو شتێ بەناوی ئاینەوە، بۆیە زانای گەورەی فەرەنسا، گوستاف لۆبۆن ڕاست دەکات، کاتێ دەڵێ:" گرووپە ئاینییەکان هەست بە تاوان ناکەن، کاتێک هەڵەیەکی ئەخلاقی یان یاسایی دەکەن، چونکە ئەوان لەسەر ئەو تێگەیشتنە گەورە بوون، کە پەرستن گوناهەکان دەسڕێتەوە."

ئێمە پێمان وایە دەوڵەت لە عێراق وەک بینایەکی گەورەی بنکۆڵ وایە، کە قەبارە گەورەکەی بەهۆی لاوازی و داڕمانی بناغەکەیەوە زۆر زوو یارمەتی ڕووخانی دەدات، چونکە میلیشیا چەکدارەکانی، کە لە لایەن هێزێکی هەرێمی پاڵپشتی دەکرێن، پلان بۆ ئەوە دادەڕێژن، هەرێم سەرکەوتوو نەبێت و وەکو عێراق لە پەراوێزدا بمێنێتەوە و لە لایەن ئەو هێزە هەرێمییەوە بەڕێوە ببرێت.