فه‌له‌كناسێكی كورد سه‌باره‌ت به خۆرگیران و تاریكداهاتنی دنیا بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ، ڕوونكردنه‌وه ده‌دات
K24 – هەولێر:
خۆرگیرانی ته‌واو له ڕۆژی دووشه‌ممه، بووه‌ته باسێكی گه‌رمی ده‌زگه ڕاگه‌یاندنه‌كان و سۆشیال میدیا و ناوه‌نده جیاجیاكانی زانستیی؛ هاوكات فه‌له‌كناسێكی كورد له‌و باره‌یه‌وه ڕوونكردنه‌وه ده‌دات.
دوای ئه‌وه‌ی زۆرێك له پێشبینییه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، ڕۆژی دووشه‌ممه 6ـی نیسانی 2024، خۆرگیرانی ته‌واو ڕوو بدات، كه ئه‌و ڕۆژه هاوكاته له‌گه‌ڵ چاودێریكردنی بینینی مانگ بۆ دیاریكردنی واده‌ی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان.
محه‌ممه‌د شه‌وكه‌ت، ئه‌ندامی یه‌كێتی فه‌له‌كناسیی نێوده‌وڵه‌تی (IAU) له‌و باره‌یه‌وه ڕایگه‌یانددووه، خۆرگیران ته‌واوی ناوچه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، مه‌كسیك، كه‌نه‌دا و زه‌ریای ئه‌تڵه‌نتی و زه‌ریای هێمن ده‌گرێته‌وه و وڵاتان و ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ناگرێته‌وه.
له لای خۆیه‌وه ئه‌ژی چه‌تۆ، فه‌له‌كناسی كورد له ئه‌كاونتی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، سبه‌ی یه‌كشه‌ممه سه‌باره‌ت به خۆرگیرانه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا و ناوچه‌كانی دیكه و ده‌نگۆكانی تایبه‌ت به تاریكداهاتنی دنیا بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ، ڕوونكردنه‌وه‌ی پێویست، دروست و زانستیی ده‌دات.
ڕۆژی 31ـی ئاداری 2024، ماڵپه‌ڕی سكای نیوزی به‌ریتانی بڵاویكرده‌وه، به‌ر له‌وه‌ی 8ـی مانگی نیسان خۆرگیرانی ته‌واو له به‌شێك له ناوچه جیاوازه‌كانی ئه‌مه‌ریكای باكوور رووبدات، ده‌سه‌ڵاتدارانی كه‌نه‌دا (ناوچه‌ی نیاگارا) باری نائاساییان ڕاگه‌یاند، به‌و ئامانجه‌ی خه‌ڵكێكی زۆر بۆ نزیك و ده‌وروبه‌ری تاڤگه‌كانی نیاگارا بێن و ئه‌و دیارده ده‌گمه‌ن و مێژووییه سه‌رنجڕاكێشه ببینن.
جیم برادڵی، شاره‌داری ناوچه‌ی نیاگارا ڕایگه‌یاندبوو، ڕاگه‌یاندنی باری نائاسایی بۆ به‌رگرتنه له دروستبوونی هه‌ر ئه‌گه‌رێك و پاراستنی سه‌لامه‌تی خه‌ڵك و دانیشتوانی ناوچه‌كه.
ماڵپه‌ڕی سكای نیوزی به‌ریتانی ئاماژه‌ی به‌وه‌یش كردبوو، خۆرگیرانی ته‌واو به تاڤگه‌كانی نیاگارا له‌سه‌ر سنووری كه‌نه‌دا و پاشان به‌ره‌و ئه‌مه‌ریكا تێده‌په‌ڕێت، بۆ ئه‌مه هۆتێل و خانووه گه‌شتیارییه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه پڕ بوونه له گه‌شتیار، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دیارده سه‌رنجڕاكێشه ببینن.
پێشبینی ده‌كرێ له‌و رۆژه‌دا یه‌ك ملیۆن كه‌س ئاماده‌ی بینینی ئه‌و دیارده سروشتییه ببن، له كاتێكدا ساڵانه 14 ملیۆن كه‌س سه‌ردانی تاڤگه‌كانی نیاگارا ده‌كه‌ن. ڕۆژی 8ـی مانگ، ته‌واوی رێگه‌وبانه‌كانی ده‌وروبه‌ری تاڤگه‌كانی نیاگارا داده‌خرێن.