ڕێژەی جیابوونەوە لە وڵاتانی عەرەبی بە شێوەیەکی مەترسیدار بەرز بووەتەوە

K24- هەولێر

سەرۆکی سەنتەری ستراتیجیی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ڕایگەیاند، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی جیابوونەوە بە شێوەیەکی مەترسیدار بەرزبووەتەوە و ئێستا هەڕەشە لە خێزان و کۆمەڵگاکان دەکات.

 ئەمڕۆ یەکشەممە، 7-4-2024، فازڵ ‌غەڕاوی، سەرۆکی سەنتەری ستراتیجیی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، " لە وڵاتانی عەرەبیدا جیابوونەوەی ژن و مێردان بە ڕادەیەکەی زۆر زیادی کردووە."

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دادی کوەیتی کە بڵاوکراوەتەوە،  لە ڕووی ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەران کوەیت لەپلەی یەکەم دێت، کە لە کۆی گشتیی زەماوەند 48%ـی جیابوونەوە تۆمار کراوە، هەروەها وەزارەتی دادی میسر بڵاوی کردووەتەوە، وڵاتەکەی لە پلەی دووەمدا دێت، کە بە پێی ئامارەکان ڕێژەی جیابوونەوە لە 40%ـە، هەروەها ئوردن و قەتەر لە پلەی سێیەم و چوارەمدا دێن لە ڕووی ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەران، کە بۆ 37.2% و 37%، بووە، لوبنان و ئیمارات ڕێژەی جیابوونەوەیان تێدا یەکسانە، بەو پێیەی ڕێژەی جیابوونەوە لە هەریەکەیان بۆ 34% بەرزبووەتەوە، دوای ئەویش سوودان بە ڕێژەی 30% و عێراق بە ڕێژەی 22.7%، دێت، پاشان سعوودیە بە ڕێژەی 21.5.

غەڕاوی دەشڵێت، ساڵانی 2022 و 2023، 143 هەزار دۆسیەی جیابوونەوە لە عێراقدا هەبووە، دادگاکانی عێراقیش ئاماری جیابوونەوەیان بۆ مانگی 1ـی 2024، تۆمارکردووە کە دەکاتە زیاتر لە حەفت هەزار دۆسیەی جیابوونەوە لە سەرتاسەری عێراق، هەروەها بەگوێرەی ئامارەکانی ئەنجوومەنی دادوەری، حاڵەتەکانی جیابوونەوە بە بڕیاری دادوەری 1843 حاڵەت بووە، لە کاتێکدا ژمارەی دۆسیەکانی جیابوونەوە لە دەرەوەی دادگا پێنج هەزار و 610 حاڵەت بووە.

 غەڕاوی گوتیشی: "گرنگترین هۆکانی زیادبوونی حاڵەتەکانی جیابوونەوە بریتین لە کەمیی ڕۆشنبیری زەماوەند و نەبوونی لێکگەیشتن لە نێوان هاوسەرەکان، جگە لە توندوتیژی خێزانی، دەستێوەردانەکانی خێزان، هەروەها زەماوەندی پێشوەختە، بارودۆخی ئابووری، ناپاکیی هاوسەرەکان، خراپ بەکارهێنانی پەیوەندییەکان، لاوازیی ئیمان".

سەرۆکی سەنتەری ستراتیجیی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق داوای لە حکوومەت و پەرلەمان کرد کە ڕێوشوێنی بەپەلە بگرنەبەر بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەران لە ڕێگەی دەستپێشخەرییە ئابوورییەکان و ڕەخساندنی هەلی کار و دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بەخۆڕایی بۆ ئەوانەی تازە زەماوەند دەکەن، هەروەها داوای دەستپێکردنی ڕێوشوێنی ئایینی کرد، هەڵمەتی هۆشیاری ڕۆشنبیری، و میدیایی بۆ پەروەردەکردنی هاوسەرەکان سەبارەت بە گرنگی خێزان و ڕۆڵی لە بنیاتنانی کۆمەڵگادا.