بەلەمێک لە کەناراوەکانی مۆزەمبیق نقوم بوو، دەیان کەس گیانیان مردن.

K24- هەولێر

کەناڵی "بی بی سی" بەریتانی بڵاوی کردەوە، درەنگانی ڕۆژی یەکشەممە، بەلەمێک لە کەناراوەکانی باکووری مۆزەمبیق نقوم بووە، لە ئەنجامدا زیاتر لە 90 کەس مردوون.

 لە ڕاپۆرتەکەی کەناڵی"بی بی سی"دا هاتووە، لە کۆی نزیکەی 130 کەس کە لەناو بەلەمێکدا بوون، پێنج کەس ڕزگار کراون، هەروەها "بی بی سی" لە زاری خایمی نیتۆ، وەزیری دەوڵەت بۆ هەرێمی نامپولا، کە لە نزیک شوێنی ڕووداوەکەیە بڵاوی کردەوە، بەهۆی هەواڵەکانی پەتای کۆلێرا، سەرنشینانی بەلەمەکە هەوڵی هەڵاتنیان دەدا، گوتیشی: لەبەرئەوەی بەلەمەکە قەرەباڵغ بووە، کە بۆ گواستنەوەی سەرنشینەکان گونجاو نەبووە نوقم بووە.

 لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، لەنێو قوربانییەکاندا ژمارەیەکی زۆر منداڵیش هەبوون، دەشڵێت: کەشتییەکە لە لۆنگاوە بەرەو دوورگەی مۆزەمبیق لە کەناراوەکانی نامپولا لە ڕێگادا بووە.