سەرۆکی یەکێتیی زانایان: لە کۆتاییدا هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران سەرکەوت و دوو مووچە دابەشکرا

عەبدوڵا وەیسی: پێویستە ئەم جەژنە بکرێتە دەرفەتی یەک دەنگیی و یەکڕیزی

4 - هەولێر

عەبدوڵا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان لە دوای نوێژی بە کۆمەڵی جەژنی ڕەمەزان لە ڕێگەی کوردستان24ـەوە پەیامێک ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانوی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: پێویستە پەیامی جەژنی لایەنە سیاسییەکان بۆ یەکتر تەنیا قسە نەبێت، بەڵکو بەکردار یەکڕیزیی بسەلمێنن، چونکە هەڕەشە و پیلانی گەورە دژی هەرێم لە ئارایە یەکڕیزیش تاکە کلیلی سەرکەوتنە.

گوتیشی: وەک یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان جەخت دەکەینەوە ئەم جەژنە بکرێتە جەژنی لێبوردەیی و یەکتر قبووڵ کردن، چونکە گرنگە سەرجەم هاووڵاتییان هەست بە خۆشیی و ئەو نیعمەتە بکەن، کە خوای گەورەی ئێمەی بەسەرکردووەتەوە و هەموو خەڵکی شاهێدی نە ناڕەحەتییە بوون و چەند ڕۆژێکی سەرەتای مانگی ڕەمەزان بە هۆی گرفتی داراییەوە بەڕێکرا، بەڵام لە نیوەی دووەمی ڕەمەزاندا بینیمان دیپلۆماسییەتی کوردی بە هەوڵ و کۆششەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرکەوت کە گرفتی مووچە و کێشە داراییەکان بەرەو قۆناغی چارە بوون، بچێت، ئەمەش مانای ئەوەیە بە یەکڕیزیی و یەک دەنگی دەتوانین بە سەر کۆسپ تەگەرەکاندا سەرکەوین، هەر بۆیە گرنگە ئەم جەژنە بە کردار ئەو برایەتیی و تەناییە بسەلمێنین، ئومێد دەکەین هاووڵاتییان زیاتر تەبابن و لایەنە سیاسییەکانیش پەیامەکانی جەژنە پیرۆزەیان تەنیا بروسکە و قسە نەبێت، بەڵکو بکرێتە کردار.

عەبدوڵا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان هەر لە پەیامەکەیەدا گوتی: هیوادارم لایەنە سیاسییەکان دوای جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان لەگەڵ یەکتر کۆببنەوە و کێشە و ناکۆکییەکانیان چارە بکەن، بۆ ئەوەی لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاڵنگاریانەی بەرۆکی هەرێمی کوردستانیان گرتووە، یەک دەنگ و یەکهەڵوێست بن، تا وەکوو ڕووبەڕووی پیلانی ناحەزان ببینەوە، چونکە ئێستاش هەڕە و مەترسیی گەورە لە سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان هەیە، بە دڵنیاییەوە ئەگەر ڕووخسارەکانیش گۆڕا بن، بەڵام عەقڵییەتەکانی دژایەتی کردنی کوردستان هەر ماوە و نەگۆڕاوە.