عێراق، سووریا و ئێران لە بواری ئازادییەکاندا، لە کۆتایی ڕیزبەندی وڵاتاندان

عێراق، منداڵێک لە پشتی تەلبەندێکەوە - وێنە: Unsplash
عێراق، منداڵێک لە پشتی تەلبەندێکەوە - وێنە: Unsplash

K24 – هەولێر:

پەیمانگەیەکی توێژینەوەی بەریتانی ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی ئازادییەکان و دیموکراسی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا عێراق لەنێو 165 وڵاتدا پلەی 128 گرتووە، ئێران و سووریاش لە پلەکانی کۆتاییدا دێن.

تاوتوێکردنی دۆخی ئازادییەکان و دیموكراسیی لە عێراق، یەکێکە لە گرنگترین پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو وڵاتە، چالاکوانان و ڕێكخراوە مرۆیی و مەدەنییەکان لە عێراق، بەردەوام جەخت لەسەر نەبوونی ئازادییەكان گشتییەکان و بۆشایی جێبەجێکردنی پرۆسەی دیموکراسی دەکەنەوە.

پەیمانگەی ڕوانگەی هەواڵگریی ئابووریناسانی بەریتانیا لە ڕاپۆرتی تایبەت بە ئازادییەکان و دیموكراسی بۆ ساڵی 2023 بڵاویکردووەتەوە، لە کۆی 165 وڵات، عێراق پلەی 128ـەمی گرتووە، واتە یەكێكە لەو وڵاتانەی کە زنجیرەی خراپی گرتووە لە پیادەکردنی ئازادییەکان.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ساڵی ڕابردوو ساڵێکی نەخوازراو بووە بۆ پیادەکردنی دیموکراسی، چونکە تێکڕای نمرەی جیهانیی دابەزیوە بۆ نزمترین ئاستی خۆی لەوەتەی پێوەرەکە لە ساڵی 2006ـەوە دەستی پێ کردووە. لە ڕاپۆرتەکەدا ھاتووە: عێراق بە بەراورد بە ساڵی 2022 بە كۆكردنەوەی 2.88 خاڵ، چوار پلە دابەزیوە، كە ئەمەش بە هێلی سووری حوکمڕانی تاکڕەوانە ناودەبرێت.

لە ڕاپۆرتەکەی پەیمانگە بەریتانییەکە، بەرزترین نمرەی ئازادییەکان و دیموكراسی لە ئەمەریکای باکوور، ڕۆژاوای ئەورووپا، ئوسترالیا و نیوزیلاندایە. وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باکووری ئەفریقا و باشووری ئاسیا ڕیزبەندی خراپترین دۆخیان وەرگرتووە، بە جۆرێک سووریا دوایین پلەی بەدەست هێناوە کە 165ـمینە، هەروەها ئێران لە پلەی 161 دایە.

پەیمانگەی ڕوانگەی هەواڵگریی ئابووریناسانی بەریتانیا لە ڕاپۆرتەكەیدا پشتی بە چەند پێوەرێک بەستووە لەو وڵاتانەدا، لەوانە؛ سەروەریی یاسا، ئاسایش و سەقامگیری، ئازادیی ڕادەبڕین و ئایین، بەهێزیی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئازادیی بازرگانی نێودەوڵەتی، كە هەر یەکێک لەو پێوەرانە چەندین لقی دیکەیان لێ دەبێتەوە.