لیستی مووچەی مانگی چوار ئامادە کراوە و ئەم هەفتە دەنێردرێت

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری بانکە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ئامادە کراوە و هەر لەم هەفتەیەدا لیستەكە دەنێرێتە بەغدا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ـی نیسانی 2024، مەولود سابیر، بەڕێوەبەری بانکە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دەوامی فەرمانگەكان، لیستی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ئامادە کراوە و هەر لەم هەفتەیەدا لیستەكە دەنێرێتە بەغدا.

سەبارەت بە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئەو گوتی: "لیستی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران تەواوی وەزارەتەکان تەواو نەکراوە تاکو بنێرێتە بەغدا."

لەبارەی لیستی مووچە ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی: "گۆڕان هەر دەکرێت، بەڵام بە ڕێژەیەکی کەم گۆڕان لە پلە بەرزکردنەوە و زیادکردنی مووچە دەکرێت".

مەولود سابیر ڕاشیگەیاند، بڕیار وایە وەزارەتی دارایی عێراق تا 22ـی نیسان، مووچەی مانگی چواری سەرجەم مووچەخۆرانی كوردستان بنێرێت، ئەمەش دوای ئەو ڕێككەوتنەی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لەگەڵ محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی كوردستان كردی.

ڕۆژی چوارشەممە (27ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بڕیارمان دا بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو و وەزارەتی داراییم ڕاسپاردووە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو بکەن و ئامادەکاریش بکەن بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی سێ و مانگەکانی داهاتووش.

هەروەها سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی دیکەی لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان کە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریان لەبارەیەوە دراوە بۆ ئەوەی دۆخی ناهەمواری ئابووریی خەڵکی هەرێمی کوردستان سووک بکات؛ یەکێک لە بڕیارەکانیش دابەشکردنی زەوییە و لەو بارەیەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: بڕیارمان دا وەزارەتی شارەوانیی و گەشتوگوزار دەست بکات بە تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە تاوەکو ئێستا لە حکوومەت سوودمەند نەبوون.

هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەیدا، چەند بڕیارێکی دیکەی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیان ڕاسپاردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە، لەوانەش:

داشکاندن لە پارەی کەڵەکەبووی کارەبا بە ڕێژەی 20%.

داشکاندنی 20% لە سزای کەڵەکەبووی مرور (هاتووچۆ).

داشکاندنی 50% لە ڕسووماتی هێنانی گۆشت

داشکاندنی 20% لە کرێی خوێندنی پارالێل لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان.

لێخۆشبوونی سزا لە دواکەوتنی بەشداریی دەستەبەریی کۆمەڵایەتی.

داشکاندنی ڕسووماتی کەڵەکەبووی ئاو بە ڕێژەی 20%.

داشکاندنی ڕسووماتی شارەوانی بەتایبەت کرێی کرێچییەکانی وەزارەتی شارەوانی بە ڕێژەی 20%.

لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی باج لەلایەن پیشەوەران، کاسبکاران و کەمدەرامەتان.