وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا: ئەنفالکردنی کوردان لاپەڕەیەکی ڕەشی مێژووە

لۆرد تاریق ئەحمەد، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
لۆرد تاریق ئەحمەد، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

K24 - هەولێر

لە یادی 36 ساڵەی ئەنفال، لۆرد تاریق ئەحمەد، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پەیامێکی دڵسۆزانە و دانپێدانانی حکوومەتی بەریتانیای پێشکەش بە نەتەوەی کورد کرد.

لە پەیامەکەدا ئاماژە بەو ئازار و تاوانانە کراوە کە لەسەر دەستی رژێمی پێشووی بەعس دژ بە نەتەوەی کورد کراون. وەزیرەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، هەڵمەتی ئەنفال لاپەڕەیەکی تاریکی مێژووە و لە نێوان ساڵانی 1986 بۆ 1989 تاوانێکی مەزن دەرهەق نەتەوەی کورد و پێکهاتە کەمینەییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستاندا کراوە.

لۆرد ئەحمەد تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی، "هەڵمەتی ئەنفال کردەوەی جەرگبڕی بەخۆیەوە بینی، لە ئاوارەکردنی زۆرەملێ و کوشتن و پەکخستنی 50-100 هەزار تاکەوە تا وێرانکردنی 4000 گوندی کورد. لە قێزەونترین ئەو کردەوەی کە لەم هەڵمەتەدا کرا، کیمیابارانی هەڵەبجە بوو لە ساڵی 1988، بە چەکی کیمیاوی لە لایەن رژێمەکەی سەددام حوسێنەوە بێڕەحمانە شاری هەڵەبجە بۆردومان کرا و هەزاران کوردی بێتاوانی تێدا بوونە قوربانی".

لۆرد ئەحمەد لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەدا، "ڕۆژی 16ی ئازاری 2024، ستافەکەمان لە کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر سەردانی هەڵەبجەیان کرد بۆ ڕێزگرتن لەو قوربانیانەی کە لە کاتی کیمیابارانی 1988دا کۆمەڵکوژ کران – ئەمەش بێ ئابڕووترین کردەوەی سەددام حوسێن بوو دژ بە گەلی کورد کاتێ چەکی کیمیاوی دژ بە خەلکی بێتاوان بەکارهێنا."

لۆرد ئەحمەد هاوسۆزیی قووڵیی خۆی بۆ قوربانییەکان و خێزانەکانیان دەربڕی و دان بەو ئازار و ڕەنجە بەردەوامەکانیان دانا کە تا ئەمڕۆش هەر بەردەوامن. نزا و هاوسۆزیی خۆی بۆ هەموو ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە دووپات کردەوە و جەختیشی کرد لەسەر ئەرکی ڕێزلێنان لە یادی ونبووەکان و هاوسۆزیی لەگەڵ ڕزگاربووانی تاوانەکانی ئەنفاڵ.

لۆرد ئەحمەد دووپاتی کردووەتەوە، بەریتانیا پابەند دەبێت بۆ پشتیوانیی ئاشتی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی لە هەرێمی کوردستان، و جەختی کردەوە کە بەریتانیا خۆی تەرخان دەکات بۆ وەستان شانبەشانی گەلی کورد لە پێناو داهاتوویەکی باشتر.