ئیسرائیل دەیەوێت هێرش بکاتە سەر ئێران، بەڵام ئەمەریکا ڕازیی نییە

ئاڵاکانی ئیسرائیل و ئێران
ئاڵاکانی ئیسرائیل و ئێران

K24 - هەولێر

ئیسرائیل بیر لە وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئێران دەکاتەوە کە شەوی یەکشەممە،  بە زیاتر لە 300 مووشەکی کروز و بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، هەروەها واشنتنیش ئامۆژگاری تەلئەڤیڤی کرد وەڵام نەداتەوە و لە هەمان کاتیشدا جەختی لەوە کردەوە کە بەشداری له کاردانەوەی ئیسرائیل ناکات.

حکوومەتی بنیامین ناتانیاهۆ کەوتووەتە ژێر فشاری ڕاستڕەوەکان بۆ جێبەجێکردنی "وەڵامێکی گەورە" و هیوادارە لە تەلئەڤیڤ هاوپەیمانییەکی ناوچەیی بنیات بنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تاران، لە کاتێکدا واشنتن هەوڵی ڕێگریی لە کاردانەوەی ئیسرائیل دەکات.  ئیدارەی ئەمەریکا و جۆو بایدن دەڵێن  پێویست ناکات وەڵامی هێرشەکەی ئێران بدرێتەوە و ئاڵۆزییەکان زیاتر بێت.

دوێنێ یەکشەممە، کەناڵی "سی ئێن ئێن و وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاویان کردەوە، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ناتانیاهۆی ئاگادارکردووەتەوە کە "ئەمەریکا بەشداری لە هیچ هێرشێکی ئیسرائیلدا ناکات لە وەڵامی هێرشەکانی ئێراندا".

ئەوەش لە کاتێکدایە کە تاران کۆتایی هاتنی وەڵامدانەوەی سەربازی خۆی بۆ بەئامانجکردنی کونسوڵخانەکەی لە دیمەشق لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕاگەیاند، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران هۆشداریدا لەوەی هەر وەڵامدانەوەیەک لەلایەن ئیسرائیلەوە پێویستی بە کاردانەوەی بەهێزتر و یەکلاکەرەوەتر دەبێت، ڕەئیسی لە بەیاننامەیەکدا گوتی: دەستدرێژیکار سزای خۆی وەرگرتووە.

لای خۆیەوە حوسێن سەلامی فەرماندەی سوپای پاسداران گوتی: هەوڵدەدەین هاوکێشەیەکی نوێ دابمەزرێنین، لەمەودوا ئەگەر هێرش بکرێتە سەر بەرژەوەندی و موڵک و بەرپرسان و هاووڵاتیمان، هێرشیان دەکەینە سەر.

جگە لەوەش، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بە دیپلۆماتکارە دەرەکییەکانی ڕاگەیاندووە، وڵاتەکەی ئامانجی نیشتەجێبوون و ئابووریی لە ئیسرائیل نەپێکاوە و ئۆپەراسیۆنەکانیش ورد بوون.

بڕیارە سبەی وەزیرانی دەرەوەی ئەوروپا کۆببنەوە و کار لەسەر کەمکردنەوەی گرژییەکان بکەن، هاوکات ڤانێسا فرایزەر، نوێنەری هەمیشەیی ماڵتا لە ئەنجوومەنی ئاسایش بە شەرقولئەوسەتی ڕاگەیاند، بە پشتبەستن بەو نامەیەی لە نوێنەری ئیسرائیلەوە پێیگەیشتووە، داوای دانیشتنی بەپەلەی کردووە، دەشڵێت: "ئامانج لە کۆبوونەوەکە کەمکردنەوەی گرژییەکانە".