هەسەدە: داعش سەرقاڵی خۆڕێکخستنەوەیە

ژمارەیەک چەکداری داعش لە سووریا (ئەرشیف)
ژمارەیەک چەکداری داعش لە سووریا (ئەرشیف)

K24 - هەولێر

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هۆشداری لە سەرهەڵدانەوەی داعش دەدات و ڕایدەگەیەنێت، داعش لە سنوورەکانیان و سووریا چالاکە.

لوقمان خەلیل، ئەندامی سەرکردایەتیی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، "داعش سەرقاڵی رێکخستنەوەی ریزەکانییەتی و هێزێکی گەورە پشتیوانی داعش لە ناوچەکە دەکات". ئاشکراشی کرد، داعش لە سنوورەکانی بندەستی هەسەدە و دەسەڵاتی حکوومەتی سووریا چالاکە.

 ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی هەسەدە، لەبارەی رەوشی دێرەزووریشەوە گوتی، "چەند لایەنێک هەن، دەیانەوێت لە ڕێگەی گرووپە چەکدارەکانەوە دۆخی ناوچەکە بشێوێنن".

ئەمە لە کاتێکدایە بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، چالاکییەکانی داعش لە سووریا زیادیان کردووە و لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە داعش 115 هێرشی لە بیابانی سووریا کردووە و 50 هێرشی لە بیابانی حمس بووە، بەهۆی هێرشەکانیشەوە 89 کەس کوژراون.