دۆگڵاس ئۆلیڤانت: ئەمەریکا هەمیشە دەیەوێت پەیوەندییەکی باش لەنێوان بەغدا و هەولێردا هەبێت

دۆگڵاس ئۆلیڤانت، پسپۆڕی ئاسایشی نەتەوەیی لە دامەزراوەی ئەمەریكای نوێ
دۆگڵاس ئۆلیڤانت، پسپۆڕی ئاسایشی نەتەوەیی لە دامەزراوەی ئەمەریكای نوێ

K24 – هەولێر:

پسپۆرێکی ئاسایشی نەتەوەیی لە دامەزراوەی ئەمەریكای نوێ، رایدەگەیەنێت، ئەمەریکا ویستووێتی پەیوەندییەکی باش لەنێوان بەغدا و هەولێردا هەبێت، هەروەها باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق هەمیشە هەوڵی نزیککردنەوەی هەولێر و بەغدای داوە.

دۆگڵاس ئۆلیڤانت، پسپۆڕی ئاسایشی نەتەوەیی لە دامەزراوەی ئەمەریكای نوێ، بە کوردستان24 رایگەیاند، کاتی سەردانەکەی سوودانی بۆ واشنتن قەیراناوییە، بەڵام دەرفەتیش هەیە لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا دووپاتی بکاتەوە کە عێراق وڵاتێکی بەهێزە و یەکانگیری نێوان ئێران، ئەمەریکا و رۆژئاوایە.

ئەو پسپۆڕەی ئاسایشی نەتەوەیی لە دامەزراوەی ئەمەریکای نوێ، راشیگەیاند، سوودانی دەیەوێت پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا ئاسایی بکاتەوە، هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن لە رابردوودا تەنیا لە بواری سەربازی بووە، هەندێک جاریش لە بواری نەوتیش بووە.

دۆگڵاس ئۆلیڤانت، باسی لەوەکرد، ناوبانگی سوودانی لە عێراق زۆر باشە شیعە و سووننە هەردوولا لێی رازینە، لە ئەمەیکا پێشوازییەکی گەرم لە سوودانی و شاندی یاوەری دەکرێت.

ئەو پسپۆڕەی ئاسایشی نەتەوەیی لە دامەزراوەی ئەمەریکای نوێ، دەڵێت: ئەمەریکا ویستوێتی پەیوەندییەکی باش لەنێوان بەغدا و هەولێردا هەبێت، هەروەها باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق هەمیشە رۆڵی نزیککردنەوەی بەغدا و هەولێری داوە.