گابریێل سوما: عێراق پابەندی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی لەگەڵ ئەمەریکا نەبووە

گابریێل سوما، ئەندامی پێشووی دەستەی راوێژکاریی دۆناڵد ترەمپ
گابریێل سوما، ئەندامی پێشووی دەستەی راوێژکاریی دۆناڵد ترەمپ

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی پێشووی دەستەی راوێژکاریی دۆناڵد ترەمپ دەڵێت: ئێران هەژموونی خۆی بەسەر عێراقدا سەپاندووە و دەمانەوێت هەژموونەکەی نەمێنێت. ناوبراو دەڵێت: رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی بۆ عێراق گرنگە.

گابریێل سوما، ئەندامی پێشووی دەستەی راوێژکاریی دۆناڵد ترەمپ، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات رایگەیاند، حکومەتی ئەمەریکا ماوەیەک لەمەوپێش رایگەیاندبوو؛ عێراق دۆستێکی زۆر باشی ئەمەریکایە و بەرژەوەندی هاوبەشیان پێکەوە هەیە.

ئەو ئەندامەی پێشووی دەستەی راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ، ئاماژەی بەوەدا، ئەـمڕۆ سوودانی لە کۆشکی سپی زۆر بە گەرمی پێشوازی لێکرا، پەیوەدنییەکانی عێراق و ئەمەریکا زۆر باشە و پێویستە بەو شێوایە بەردەوام بێت.

گابریێل سوما، راشیگەیاند، عێراق ئێستا تا رادەیەک لەژێر هەژموونی ئێرانە، درۆن و مووشەکەکانی ئێران لە ئاسمانی عێراقەوە ئاراستەی ئیسرائیل کرا، دەمانەوێت هەژموونی ئێران لە وڵاتەکە نەمێنێت.

ئەو ئەندامەی پێشووی دەستەی راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ، باسی لەوەشکرد، پێویستە دۆلاری ئەمەریکی لەلایەن عێراقەوە بۆ ئێران نەنێردرێت، عێراق کارەباش لە ئێران وەردەگرێت، دەبێت پشت بەخۆی ببەستێ چونکە وڵاتێکی دەوڵەمەندە.

گابریێل سوما، دەڵێت: پێویستە عێراق سەروەریی خۆی بپارێزیت و لە بەرژەونەدی گەلەکەی بڕیار بدات، هەروەها ئێران بەشدارە لەو ململانێیانەی کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە.

ناوبراو روونیکردەوە، ئێران چوار جۆرا کاریگەری هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە لبنان، یەمەن، سووریا و عێراق بۆیە ئەو کاریگەرییەی رابگیرێت.

ئەو ئەندامەی پێشووی دەستەی راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ، سەرنجی بۆ ئەوەش راکیشا، پێویست ناکات لە عێراق میلیشیاکانی سەر بە ئێران هەبن، چونکە ئەمە کێشە بۆ عێراق دروست دەکات لە ناوچەکە و لە بەرژەونەدی ئێران کار دەکەن، عێراق دەتوانێت ئاشتی و ئاسایشی خۆی بپارێزێت پێویستی بە میلیشیا نییە.

گابریێل سوما، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، هێزەکانی ئەمەریکا لەسەر داوای حکومەتی عێراق لەو وڵاتەن، تەنیا لەبەر داعش ئەمەریکا لە عێراقە، ئەگەر داعشیش نەمێنێت هیچ پاساوێک نییە بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، بەڵام دەبێت حکومەتی عێراق ئەو بڕیارە بدات.

ئەو ئەندامەی پێشووی دەستەی راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ، گوتی: ئەمەریکا پابەندی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژییە لەگەڵ عێراق، ئەمەش شتێکی باشە و لە بەرژەوەندی هەردوولایە، عێراق بەم رێککەوتنە بەهێزتر دەبێت.

گابریێل سوما، گوتیشی: عێراق پابەندی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی لەگەڵ ئەمەریکا نەبووە، بەهۆی ئەوەی هەندێک لایەن هەن لەناو حکومەتی عێراق پشتیوانی لە ئێران دەکەن.

ئەو ئەندامەی پێشووی دەستەی راوێژکاری دۆناڵد، لەبارەی ناردنی دۆلاری ئەمەریکی بۆ ئێران روونکردنەوە دەدات و دەڵێت: پارەی فرۆشی نەوتی عێراق دێتە بانکی ناوەندی لە ئەمەریکا، هەر کاتێک عێراق پێویستی بە پارەکە بێت بەکاری دەهێنیت، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا ئەم پارەیە گوازراوەتەوە بۆ عێراق کەچی دەست خەڵکی عێراق نەکەوتووە، بەڵکو نێردراوە بۆ ئێران ئەمەش پێشێلی یاسا داراییەکانی ئەمەریکایە.