چاوەڕوانییەکانی هەرێمی كوردستان لە سەردانەکەی سوودانی بۆ واشنتۆن

Kurd24

یەكشەممە ١٤-٤-٢٠٢٤، سەرۆك وەزیرانی عێراق  "محمد شیاع السوداني" بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە واشنتۆن و لە ١٥-٤-٢٠٢٤ بۆ یەکەم جار چاوی بە جۆ بایدن، کەوت..

سوودانی دەڵێ؛ ئامانج لەم سەردانەی بۆ واشنتۆن گواستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە بۆ قۆناغێکی نوێ و کاراکردنەوەی ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیجیی ساڵی ٢٠٠٨ە، کە گوایە لەگەڵ بەرنامەی حکوومەت و ئەو چاکسازییە ئابوورییانەدا هاوتایە، کە سوودانی مەبەستییەتی جێبەجێیان بکات.. 

ئەم سەردانەی سوودانی لە بەر ڕۆشنایی گرژییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا دروست دەکات.

دواجار سوودانی توانی بە توانای ڕێژەیی خۆی واشنتۆن قایل بکات، کە ئەو لایەنێکی عێراقی باوەڕپێکراوە و دەکرێ کاری لەگەڵ بکرێت بۆ چارەکردنی دۆسییە ئاڵۆزەکانی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن، لە کاتێکدا عێراق پێویستی بەوە هەیە، کە خۆی بە دوور بگرێت لەو ململانێ هەرێمییەی ئێستا لە ناوچەکەدا هەیە.  

کراوەیی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ دانوستاندن لەسەر مەرجە نوێیەکان بۆ بوونی ئەمریکا لە عێراق، سەرەڕای تێچووە بەرز و کێشەدارەکانی، پێگەی سوودانی بەهێزتر دەکات لە دانانی ئەو مەرجانەی، کە بۆ هەرددولا قبوڵکراو بێت.

بەغدا هیواخوازە پەیوەندییەکی ستراتیجیی بنیاتنەرتری لەگەڵ ئەمەریکا هەبێت، بەمەرجی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران تێک نەدات. لە لایەکی ترەوە، هەرێمی کوردستان نیگەرانە لەوەی، ئەمەریکا لە پابەندبوونەکانی کاڵتر بکاتەوە، کە لەوانەیە ببێتە مایەی ئەوەی دووچاری ژینگەیەکی سیاسی بێت، کە زیاتر خۆی لەگەڵ ئێران و هاوپەیمانەکانی بگونجێنێت. بەم شێوەیە، لە کاتێکدا هیچ ئاماژەیەك نییە لەسەر بوونی چوارچێوەیەکی ستراتیجیی هاوبەشی ڕوون کە دۆخەکە بەرەو پێشەوە ببات. لە هەمان کاتدا، هەبوونی هاوسەنگییەکی هەستیار لە نێوان بەرژەوەندییەکانی بەغدا و هەولێر زۆر پێویستە و ناکرێ پشت گوێ بخرێ.

دیارە پێش سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمریکا مانۆرە دیبلۆماسییەکان چڕ بووبوون بۆ زامنکردنی ئاسایشی وزەی هەرێمی كوردستان.

دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی لەسەردانەکەیدا لە سەرەتای ئادارای ٢٠٢٤ بۆ واشنتۆن گفتوگۆی چڕی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەمریکا کرد، وەکو هەوڵێ بۆ فشارخستنە سەر کۆشکی سپی، بۆ قایلکردنی سوودانی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئەنتۆنی بلینکن، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سوودانی لە ئەیلوولی ۲۰۲۳ پشتیوانیی واشنتۆنی دووپات کردەوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، لە لوولە نەوتەکانی تورکیاوە.  بە پێی زانیارییەکان، بەغدا و هەولێر تا ئێستا لە گفتوگۆدان لەسەر ئەوەی حکوومەتی فێدرال تێچووی ڕسوماتەکان بدات بە لایەنی سێیەم. 

لە کاتێکدا داخستنی لوولەکان کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر دارایی کوردستان و عێراق هەبووە و زیانی بەهەردوولا گەیاندووە. بەڵام دەبێ ئەوەش بووترێ، کە تەنها بەشێکی کەم لە هەناردەکردنی نەوتی بەغدا بەو هۆیەوە کاریگەری لەسەر کراوە. بۆیە چاوەڕوان دەکرێ لە دیداری سەرۆك بایدن و سەرۆك وەزیران سوودانی باس لە دووبارە کاراکردنەوەی هەوڵەکان بکرێ بۆ زامنکردنی ڕەزامەندیی بەغدا لەسەر دووبارە چالاککردنی هێڵی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، کە دەبێتە مایەی زیادکردنی دابینکردنی نەوتی جیهانی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، کە دەیەوێت وەک هاوبەشێکی باوەڕپێکراو پشتی پێ ببەسترێت.

ئەوەی پەیوەست بێت بە کشانەوە هاوپەیمانان، کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرکردایەتی دەکرێ،  ڕووبەڕووبوونەوەی بەرەی بەناو بەرگری لە عێراق و هێزەکانی ئەمریکا لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە حکوومەتی سوودانی خستووەتە ناو دۆخێکی هەستیارەوە، چونکە دوای ئەوەی ئیدارەی سەرۆك جۆو بایدن لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو دەستی کرد بە هەڵمەتێکی تۆڵەسەندنەوە لە بەرامبەر هێرشە دووبارەبووەکانی ئەو بەرەیە، وتاری گشتیی لە عێراق گۆڕانی بەسەردا هات و داوای کشانەوەی ئەمەریکا دووبارە سەری هەڵدایەوە. هەرچەندە سوودانی لە بەیاننامەکانی تا ڕادەیەك پشتیوانی لە کشانەوەی هاوپەیمانان دەکرد، بەڵام وتارەکەی ناڕوونی پێوە دیار بوو، ئەو خۆی بەدوور گرت لەوەی بڕیارێکی دیاریکراو بدات یان خشتەیەکی کاتی پێشبینیکراو دابنێت. هەروەها پێویستە ئەوەش باس بکرێ، کە لە پەرلەمانی عێراق نیسابی یاسایی تەواو نەبوو بۆ دەنگدان لەسەر کشانەوەی هاوپەیمانان بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا لە عێراق دەکات. ئامادەنەبوونی پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هەماهەنگی و کورد و سوننە و زیاتر لە ١٠٠ شیعە، ئاماژەیە بۆ نزیکبوونەوەی نێوان بەغدا و هەولێر. هەرچەند پێدەچێت حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر داوای کشانەوەی دەستبەجێی هاوپەیمانان ڕێک بکەون، بەڵام هەردوولا دژی کۆتایی هێنانی مانەوەی ئەمەریکان. هەرچەند پێدەچێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بوونی خۆی لە عێراقی فیدراڵ لە هەرێمی کوردستان جیا بکاتەوە و ڕێککەوتکنێ بدۆزێتەوە، کە بۆ هەردوولا بە پێی پێویست بگونجێت و لەهەمان کاتدا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بپارێزێت. لیژنەی باڵای سەربازی ئەمریکا و عێراق بۆ دەستپێکردنی خولێکی نوێی گفتوگۆکانی هاوپەیمانان لە تەممووزی ٢٠٢٤ گەرێکی تر لە گفتوگۆ دەکات سەبارەت بە مانەوەی هاوپەیمانان.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ماوەیەکی دوورە بە هۆی پەیوەندییەکانی بەغدا لەگەڵ تاران فشاری ئابوری خستۆتە سەر عێراق، ئەو ڕێوشوێنانە بریتی بوون لە سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە یەدەگی دۆلاری عێراق و هەوڵەکانی بۆ نەهێشتنی سپیکردنەوەی پارە، کە ئەمریکا پێێ وایە لە بەرژەوەندی ئێران و سووریادایە. لەگەڵ هەبونی زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلار لە داهاتی هەناردەکردنی نەوت، کە لە ئەمەریکایە، عێراق بە شێوەیەکی زۆر پشت بە نیازپاکی واشنتۆن دەبەستێت بۆ دڵنیابوون لەوەی، کە یەدەگی دراوی بیانی و دارایی گشتیی دەوڵەت بە شێوەیەکی فراوانتر نەکەوێتە ژێر چاودێریی ئەمەریکا. هەوڵەکانی سوودانی بۆ پەیوەندییەکی نزیکتر لەگەڵ واشنتۆن بە مەبەستی قایلکردنی بەرپرسانی ئەمەریکایە بۆ کەمکردنەوەی سیاسەتەکانی سزادانی عێراق، کە کاریگەری هەیە لەسەر ئابووری و دانیشتوانی عێراق. سوودانی هەوڵ دەدات لێکتێگەیشتنی دوولایەنە درووست بێت لەگەڵ وەزارەتی دارایی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان بۆ سەر کۆمپانیا عیراقییەکان و ئەو بانکانەی، کە سزاکان دەیانگرێتەوە و ناتوانن مامەڵە بە دۆلاری ئەمریکی بکەن.

سوودانی بە نیازە درفەتی ئەم سەردانە فەرمییەی بە شێوەیەکی ستراتیجی بقۆزێتەوە بۆ چارەکردنی کێشەی ئابوری و سیاسی و ئاسایشیی و لە هەمان کاتدا دەبێ ڕەچاوی هاوپەیمانە سیاسییە خۆجێیەکانی بکات و هاوسەنگی لەگەڵ ئێران دەستەبەر بکات.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئیدارەی بایدن هێشتا دەرفەتی هەیە بۆ پێشکەوتنێکی بەرچاو، هەم لە نێوەندگیریکردن بۆ پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و هەم لە زامنکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراق.

بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی لەو شێوەیە، پێویستە سەرۆك بایدن ڕوون بێت سەبارەت بە ئەولەویەتەکانی و واقیعبین بێ دەربارەی ئەو بەڵێنانەی، کە دەتوانێت لە سوودانی وەری وەربگرێت. ئەم سەردانەی سوودانی دەرفەتێكی گرنگە و دەبێتە هۆی دەستپێکردنەوەی دووبارە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم لە ڕێگەی بەندەری جیھانی تورکیاوە.

بۆیە، هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی ئەوە دەکات، ئەم سەردانە ببێتە مایەی  چارەکردنی کێشەکان و باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدرال.