لاهوور شێخ جەنگی: بایدن هەمان بۆچوونی سەرۆک بارزانی هەیە

لاهوور شێخ جەنگی
لاهوور شێخ جەنگی

K24 - هەولێر

لاهوور شێخ جەنگی ڕایدەگەیەنێت، سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆک بارزانی لەبارەی چۆنییەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هاوڕان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 07-04-2024، لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی هاوپەیمانێتیی بەرەی گەل، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتوویەتی، "دەبێت هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد" لە هەرێمی کوردستان بکرێت؛ واتا هەمان قسەی سەرۆک بارزانی دووبارە کردەوە.

ئەم لێدوانەی لاهوور شێخ جەنگی لە کاتێکدایە، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووی، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ئەمەریکا لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد، دادەپەروەر و شەفافە لە هەرێمی کوردستان.

هاوکات سەرۆک بارزانی چەندین جار ئەوەی خستووەتە ڕوو، بە ئاشكرا پەنا بۆ دەستی دەرەكی و دادگەی فیدراڵ بردراوە بۆ ئەوەی كێشە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە هەرێمی کوردستان دروست بكرێت. سەرۆک بارزانی دەڵێت، "بێبەشكردنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكان لە هەڵبژاردن، بێبەشكردنی زیاتر له‌ چوارسه‌د هه‌زار دەنگدەر لە دەنگدان و جگە لەوەش سەپاندنی ڕێکار و میکانیزمی و ڕێوشوێنی نادروست لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، وا دەكات كە هەڵبژاردن تەعبیر لە دەنگی ڕاستەقینەی خەڵكی كوردستان نەكات".

سەرۆك بارزانی جه‌ختی له‌وەش ‌كردووەتەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان پشتگیریی لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە دەکات بەبێ هیچ دەستێوەردانێک و دارشتنێکی پێشوەختە. بە پێویستیش دەزانێت، هەموو ئەو كەموكوڕییە تەكنیكی و پێشێلكارییە دەستووریی و یاساییانەی مه‌له‌فی هه‌ڵبژاردن چارە بكرێن بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسەكه‌ نوێنه‌رایه‌تیی ئیرادە و دەنگی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بكات، به‌ شێوه‌یه‌ک کە لە خزمه‌تی دیموکراسی و شەرعیەتی دامودەزگاکانی هەرێمدا بێت.