ئیندۆنیزیا بۆ پاراستنی ژینگه‌ و پاكڕاگرتنی كه‌شوهه‌وا په‌نا ده‌باته‌ به‌ر 'ئیسلامی سه‌وز'

مزگه‌وتێك له‌ ئیندۆنیزیا
مزگه‌وتێك له‌ ئیندۆنیزیا

K24 – هەولێر:

هەزاران ئافره‌ت و پیاوی موسڵمان لە مزگه‌وتێكی مۆدێرن و گه‌وره‌دا لە پایتەختی ئیندۆنیزیا ، کۆ دەبنەوە و ئامادەن بۆ گوێگرتن لە وتاری وتارخوێنی مزگه‌وته‌كه‌، كه‌ باس له‌ گرنگیی پاراستنی ژینگه‌ و پاكڕاگرتنی كه‌شوهه‌وا ده‌كات له‌ ڕوانگه‌ی ئیسلامه‌وه‌.

هەزاران ئافره‌ت و پیاوی موسڵمان لە مزگه‌وتی "سه‌ربه‌خۆیی" كه‌ مزگه‌وتێكی مۆدێرن و گه‌وره‌یه‌ لە جاکارتا، کۆبوونه‌وه‌ و گوێیان لە وتاری ئایینی نەسرەددین عومەر، وتارخوێنی مزگه‌وته‌كه‌ گرت، كه‌ ناوه‌ڕۆكی وتاره‌كه‌ی په‌یوه‌ست بوو به‌ گرنگیی بواری ژینگه‌ و پاراستنی له‌ ڕوانگه‌ی ئایینی ئیسلامه‌وه‌.

نەسرەددین عومەر هۆشداریی دایه‌ نوێژخوێنان لە مامەڵەکردن لەگەڵ ژینگە و ئەو زه‌وییه‌ی کە خودا بە مرۆڤایه‌تی بەخشیوە و گوتی "هەرچەندە به‌رامبه‌ر به‌ سروشت تەماحکارتر بین، ڕۆژی قیامەت نزیکتر دەبێتەوە!"

پاشان ئەو مامەڵەیەی بەو شێوەیە وەسف کرد کە ئایینی ئیسلام مرۆڤایەتی ڕێنمایی دەکات و وەک چۆن خودا لە مانگی ڕەمەزاندا ڕۆژووی له‌سه‌ر موسڵمانان واجب كردووه‌، به‌ ئەرکی هەموو مرۆڤایه‌تی و موسڵمانان و شوینكه‌وتووانی ئایینه‌كان داناوه‌ کە ببنه‌ جێنشینی ڕاسته‌قینه‌ی خودا لەسەر زەوی و پارێزگاری لێ بكه‌ن.

سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌یش ڕاكێشا، وەک چۆن خودا هانی موسڵمانان ده‌دات بۆ بەخشین، به‌ هه‌مان شێوه‌ موسڵمانان پێویستە بەشداری بکەن لە وەقفێک بۆ پاراستنی ژینگە، وەک یەکێک لە پڕۆژەکانی وزەی نوێبووەوە یان چاندنی نەمام.

ئه‌و وتارخوێنه‌ هه‌وڵ ده‌دات له‌ ڕێگه‌ی په‌روه‌رده‌ی ئایینییه‌وه‌ هۆشیارییه‌كی ژینگه‌یی له‌ وڵاته‌كه‌ی به‌رپا بكات و جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، كه‌ پاراستنی ژینگە بابه‌تێكی دانەبڕاوه‌ لە قورئان و سوننەتی پێغەمبەر. ده‌شڵێت، ئیندۆنیزیا كه‌ وڵاتێكی گه‌وره‌یه‌ و زۆربه‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی موسڵمانن، ده‌توانێت ببێته‌ نموونه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو بۆ پاراستنی ژینگه‌ و پاكڕاگرتنی كه‌شوهه‌وا. ناوبراو ئه‌م پرۆسه‌یه‌یشی به‌ "ئیسلامی سه‌وز" ناو بردووه‌.

پێشتر له‌ ئایاری 2022ـدا هه‌ڵمه‌تێكی به‌رفره‌وان له‌ لایه‌ن حكوومه‌تی ئیندۆنیزیا بۆ پاكڕاگرتنی ژینگه‌ به‌ڕێوه‌ چوو، كه‌ تێیدا 1000 زانای ئایینی و وتارخوێنی مزگه‌وته‌كانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ خولی جیاجیای په‌روه‌رده‌یی و ژینگه‌یی به‌شدارییان پێ كرا به‌ ئامانجی هۆشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئیندۆنیزی بۆ پاراستنی ژینگه‌ و پاكڕاگرتنی كه‌شوهه‌وا.