ڕاپۆرتی سەرەتایی لێکۆڵینەوە لە کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی ڕەئیسی بڵاو کرایەوە

فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران: درکاندنی بەشێک لە لێکۆڵینەوەکان کاتی زیاتری پێویستە
فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئێران
فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئێران

K24 – هەولێر:

فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئێران ڕاپۆرتی سەرەتایی لێژنەی باڵای لێکۆڵینەوە لە هۆکانی کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆمار و هاوڵەکانی بڵاوکردەوە.

فەرماندەییەکە ئاماژەی داوە، کە بەشی زۆرینەی زانیارییە پێویستەکان کۆکراوەتەوە کە چەندین لایەن و ڕەهەندی تەکنیکی و گشتیی کۆکردووەتەوە، بەڵام بەشێک لە وردەکارییەکان پێویستیان بە کاتی زیاترە بۆ لێکۆڵینەوە و بەشێک لە وردەکارییەکان دەکرێت بڵاو بکرێنەوە و ئاماژەیان پێ بکرێت، لەوانە:

- هێلیکۆپتەرەکە تاوەکوو یەک خولەک و 30 چرکە لە فڕین بەردەوام بووە و لە ئاراستەی خۆی دەرنەچووە.

- فڕۆکەوانی هێلیکۆپتەرە کەوتووەکە پەیوەندیی بە فڕۆکەوانی هەردوو هێلیکۆپتەرەکەی دیکەوە کردووە.

- هیچ شوێنەوارێکی گولـلە یان هەر شتێکی هاوشێوە لە سەر پارچەکانی هێلیکۆپتەرە کەوتووەکە بەدی نەکراوە.

- هێلیکۆپتەرەکە بەهۆی بەرکەوتنی بە بەرزایی سووتاوە.

- بەهۆی ئاڵۆزیی ناوچەکە و تەمومژ و نزمی پلەی گەرمی، پرۆسەی گەڕان گەیشتە شەو، بە درێژایی شەو پرۆسەی گەڕان بەردەوام بوو تاوەکوو کاتژمێر پێنجی بەرە بەیانی دووشەممە بە هاوکاریی درۆنی ئێرانی توانرا شوێنی وردی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە دیاری بکرێت و تێمەکان و هێزەکانی پیادە بگەنە شوێنی مەبەست.

- لە لایەن تاوەری چاودێرییەوە هیچ پەیوەندییەکی گوماناوی تۆمارنەکراوە و نەبیستراوە.