سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە باڵیۆزی کوەیت لە عێراق دەکات

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تارق عەبدوڵڵا ئەلفەرەج، باڵیۆزی کوەیت لە عێراق
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تارق عەبدوڵڵا ئەلفەرەج، باڵیۆزی کوەیت لە عێراق

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی کوەیت لە عێراق کۆبوونەوە، هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی کوەیەت کرایەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (23ـی ئایاری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە تارق عەبدوڵڵا ئەلفەرەج باڵیۆزی کوەیت لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.

لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا، کە عوسمان ئەلداوود، کونسوڵی گشتیی کوەیت لە هەرێمی کوردستانیش تێیدا ئامادەی بوو، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی کوەیت کردەوە کە مێژوویەکی هاوبەشیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و دیکتاتۆری هەیە.

لای خۆیەوە تارق عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەدا، کە دەوڵەتی کوەیت بە چاوی ڕێز و گرنگییەوە لە ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان دەڕوانێت و خواستی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە دووپات کردەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەی نێوانیان، بیر و ڕا لەبارەی دەرفەتەکانی برەودان بە وەبەرهێنانی کوەیتی لە هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا ئاڵوگۆڕ کرا.

1
2
3