ئەمریكا پاش تەواوبوونی شه‌ڕی موسڵ لە عێراق دەمێنێتەوە

ماوەی مانەوەی ھێزەكانی ئه‌مریكا و ژمارەیان دیاری نەكراوە

K24 – ھەولێر

وەزیری بەرگری ئەمریكا رایگەیاند پێویستە ھێزی سەربازی وڵاتەكەی و ھاوپەیمانە نێودوەڵەتییەكانی پاش تێكشكاندنی داعش لە عێراق بمێننەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەڕەشەی توندەرەوەكان.

ئاشتۆن كارتێر لە وتارێك لە كتێبخانە و مۆزەی دۆنالد رێیگن لە كالیفۆرنیا رایگەیاند داعش لە لێواری رووخان دایە و ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی موسڵ ھەر وەك پێشبینی دەكرا رووبەڕووی بەربەستی وەك تەقینەوە، ھێرشی خۆكوژی، بەكارھێنانی ھاووڵاتیانی سڤیل و كەمبوونەوەی ئاو و خۆراك بۆ خەڵكی شاری موسڵ بووەتەوە.

ئۆپەراسیۆنی گرتنه‌وه‌ی موسڵ رۆژی 17 تشرینی یه‌كه‌می رابردوو به‌ به‌شداری هێزه‌كانی عێراقی و كوردستانی و پشتگیری هه‌وایی و لۆجستنی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا ده‌ستیپێكرد و سه‌ره‌ڕای كۆنترۆڵكردنی ته‌واوی ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری موسڵ ، زیاتر له‌ نیوه‌ی گه‌ڕه‌كه‌‌كانی به‌ری چه‌پی موسڵ له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی عێراقی كۆنترۆڵ كراون.

كارتێر جارێكی دیكه‌ پێداگری له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوونی یارمه‌تی سه‌ربازی و راهێنان  و پڕ چه‌كردنی هێزه‌ عێراقییه‌كان كرد و گوتیشی پێویسته‌ به‌ره‌نگاری ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعش ببینه‌ كه لە بەرەكانی جەنگ‌ هه‌ڵدێن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ شوێنێكی دیكه‌ خۆیان رێك بخه‌ن.

وەزیری بەرگری ئەمریكا ھیچ ئاماژەیەك بە ماوەی مانەوەی ھێزەكانی و ژمارەیان لە عێراق نەكرد كە داوای كردووە پاش شكستی داعش لەم وڵاتە بمێننەوە.

لێدوانی وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا لەبارەی ئۆپەراسیۆنی موسڵ هاوكاتە لەگەڵ ئەگەری گۆڕینی پلانی ئۆپەراسیۆنەكە، كە بەرپرسانی سەربازی ئەو پرسەیان خستووەتە روو، بێ ئەوەی ھۆكار و وردەكارییەكانی بە روونی ئاشكرا بكەن.