سوپای عێراق بە فڕۆكەی ئێف16 داعش لە مووسڵ بۆردومان دەكات

یەكەمجارە سوپای عێراق بەم جۆرە فڕۆكە داعش لە مووسڵ بۆردومان دەكات

K24 - ھەولێر

سەرچاوەیەک لە سوپای عێراق رایگەیاند، فڕۆکەکانی ئێف16 عێراقی، شەوی رابردوو بۆ یەکەمجار چەند بنكە و بارەگایەكی چەکدارانی داعشی لە نێو شاری مووسڵ بۆردوومان کرد.

ئەوەش ئاشكرا كراوە، ئەو فڕۆکانە لە بنکەی ئاسمانی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەدینەوە ھەستاون و ھێرشەکانییان ئەنجامداون.

بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و عێراق، بەغدا بە بڕی 65 ملیۆن  دۆلار، 36 فڕۆکەی لە جۆری ئێف16، لە واشنتن کڕیووە و تا ئێستا ژمارەیەك لەو فڕۆكانە رادەستی عێراق كراون.

چەند رۆژێکە چەکدارانی داعش لە نێو گەڕەکەکانی مووسڵ، لەرێگەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو و خۆکوژەوە ھێرشی پێچەوانە ئەنجام دەدەن.

ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی مووسڵ لە 17/10/2016 دەستیپێكرد، ھێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق توانیویانە چەندین ناوچەی گرنگ لە دەستی داعش رزگاربكەن، ئێستا شەڕ لەناو گەڕەكەكانی مووسڵ بەردەوامە و بە گوتەی فەرماندە سەربازییەكان، لەم چەند رۆژەدا داعش چەند ھێرشێكی پێچەوانەی ئەنجامداوە، بەڵام نەیتوانیوە پێشڕەوی بكات.