دەرباری: بڕواکردن بە هەواڵ و نووسینی درۆ لە نێت

Kurd24

لەوانەیە هەندێك کەس لەو بڕوایەدابن، تەنیا کورد و لەناو کوردیش، کوردی کەمخوێندەوار و دواکەوتوو، بڕوا بە هەواڵی هەڵبەستراو و زانیاری درۆ دەکەن، کەچی لە راستیدا، بڕواکردن بە هەواڵ و زانیاری درۆ، هیچ پەیوەندی بە نەتەوە و وڵاتەوە نییە و بڕواکردنیش بە درۆ، داهێنانێكی تازە نییە و دەمێکە هەیە...

بە گوێرەی ئاماری Ipsos کە لە کۆتایی نۆڤێمبەری ئەمساڵ ئەنجامدرا، لە چوار کەسی ئەمریکی سێ کەس بە هەواڵی درۆ و هەڵبەستراو باوەڕ دەکەن. (Ipsos کۆمپانیایەکی ئاماری گەورەی جیهانییە و لە ساڵی 1975 لە پاریس دروستکرا و ئێستا نوێنەریان لە 80 دەوڵەت هەیە. بۆ وەگیرکەوتنی ئامار چاوپێکەوتن ئەنجام دەدەن و هەر چاوپێکەوتنێكیش نزیکەی 20 خولەک دەخایەنی. بەشداربووان پاداشتێکی بچووك وەردەگرن).

لە وێب تیڤیێکی ئەمریکی (web tv)، کە لەلایەن کۆمەڵێک کەسی سپیپێستی توندڕەو بەڕیوە دەچێ، لەوبڕوایەدان، کە سەرۆک بەراك ئۆباما پێشنیازی کردووە، هاوڵاتی ڕەشپێست کەمێک داشکانی لە زەریبە بۆ بکرێ، تەنیا لەبەر ئەوەی ئەوان ڕەشن... ئەو هەواڵە بێگومان درۆیەکی گەورەیە، لەگەڵ ئەوەش هەندێک باوەڕدەکەن و بۆتە هاندەر، خەڵک بەو جۆرە درۆ زلانە، زیاتر رقی لە کەسانی هۆمۆ (حیز) ببێتەوە، رقیان لە ئیسلام و کەسانی رەشپێست ببێتەوە.

- بە ملیۆنان کەس بەقاچاخ لە کالیفۆرنیا دەنگیان بە هیلەری کلینتۆن دا، Donald Trump لە دوا هەڵبژرادنی ئەمریکا جارێکیان گوتی... خەڵکێکی زۆر باوەڕیان پێیکرد.

هەر بەگوێرەی Ipsos ئەو ماڵپەڕانەی زیاتر لەکاتی هەڵبژاردنی ئەمریکا درۆیان بڵاودەکردەوە، لە کۆمارییەکان نزیک بوون تان لە هیلەری کلینتۆن، هەرچەند دیموکراتەکانیش لە درۆ هەڵبەستن فریشتە نەبووین و بەتایبەتیش لەوکاتەی نووسینێک بڵاوکرایەوە گوایە، Donald Trump گوتویەتیی: (دەنگدەرانی کۆمارییەکان گێلترین گروپی دەنگدەری ئەمریکین)، پاپای رۆم پشتگیری ترەمپ دەکات و هیلەری کلینتۆن نەخۆشیێکی کوشندەی هەیە... ئەم درۆیانە و زۆری دیکەش لە ئەکاونت و ماڵپەرەکانی فەیسبووک ئازادانە مەلەیان دەکرد.

ڕەخنەیەکی زۆر توند لە فەیسبووک و Mark Zuckerberg دەگیرێ، گوایە هەست بە بەرپرسیارێکی ناکا بەرامبەر بەو هەموو هەواڵ و زانیارییە درۆیانەی لە فەیسبووک بڵاودەکرێنەوە. بۆ وەڵامی ڕەخنەکان، Mark نامەیەکی لە ئەکاونتی خۆی لە فەیسبووک بڵاوکردوە و نووسیبووی: (٩٩٪ ئەو زانیارییانەی لە فەیسبووک بڵاودەکرێنەوە ڕاستن).

- من لەوبڕوایەدام، هەموو ئەو بۆچوونانەی لەسەر بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ لە فەیسبووک هەن، کە پانتایێکی گچکەیان داگیرکردووە و گوایە کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی ئەمریکا هەبووە، من بە بۆچوونێكی شێتانەی لەقەڵەم دەدەم، دەنگدەران خۆیان لەسەر بنەمای ئەزموون و هەستوسۆز دەنگ بە پاڵێوراوی خۆیان دەدەن،Mark Zuckerberg  لە کۆنفرێنسی تەکنۆلۆجی گوتی.

بە گوێرەی رۆژنامەی  New York Timesبەڕێوەبەرانی فەیسبووک لە چاتکردنێکی چڕوخەست لەگەڵ یەکتر، باسیان لە کۆبووەنەوەی رێک و بەردەوام کردووە، بۆئەوەی گفتوگۆ لەسەر کاریگەری کۆمپانیای فەیسبووک لەسەر دروستکردنی ڕایگشتی و سیاسەت بکەن.

هەندێك لە توێژەرانی ڕەخنەگر لەوبڕوایەدان، ئەگەر فەیسبووک تەنیا لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوو کۆمەڵێک ملیار دۆلار قازانج بکا، بێگومان دەتوانی سەد یان زیاتر خەڵک دابمەزرێنی و تەشهیر و درۆ گەورەکان دێلیت بکا. لەم نووسینە زیاتر باس لە فەیسبووک کرا بەڵام بێگومان، هەواڵی درۆ لە تویتەر و ئینستەگرام و ماڵپەڕەکانی دیکەش بڵاودەکرێتەوە.

تا پێش بیست ساڵ هەموو ئەمریکییەکان یەک سەرچاوەی هەواڵ و زانیارییان هەبوو، بەیارمەتی ئینتەرنێت، دیارە سەرچاوەکان گۆڕدراین. Michael Lynch پرۆفێسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی Connecticut دەڵێ: ئەمڕۆ گەلی ئەمریکا دابەشکراوە، نەک تەنیا لەوکاتەی باس لە هەقیقەت دەکەین، بەڵکو دژ بە یەکترین لەسەر ئەوەی چ شتێکیش هەقیقەتە، بۆیەش لە واقعێکی دوور لەیەک دەژین...

لە ساڵی 2012 وێنەیەکی شێرزاد خۆشناو لە نێت و ماڵپەرە کۆمەڵایەتییەکانی کوردی بڵاوکرایەوە و تێکستێکی لەگەڵ داندرابوو، گوایە شێرزاد خۆشناو نوێنەری یەکێتی قوتابییانی پارتییە لە نەمسا و لەسەر بودجەی حکومەت بەوشێوە ڕادەبوێری. لەم وێنەیە شێرزاد خۆشناو لەگەڵ کچێک سەما دەکا، کچێکی دیکە لە کۆمپیوتەر بەدوای گۆرانی دەگەرێ و دوورتریش کچێک و کوڕێک سەما دەکەن. ئەم سەماکردنەی ئەوان، لەدوای کارە و دەرکەوت بەبۆنەی جەژنی لەدایکبوونی خاوەنی چێشتخانەکەیە، کە شێرزاد و کرێکارەکانی دیکە بەیەکەوە ئەو ئاهەنگە بچوکەیان بۆ شێفەکەیان سازداوە... لەماوەی چەند رۆژێك چەند هەزار جار وێنەکە شێرکرا، هەزاران جوێنی پیس بۆ پارتی و شێرزاد نووسران...

شێرزاد خۆشناو لە ڕاستیدا، لە شارێکی گچکەی هۆڵەندا دەژیت، کوردپەروەر و بێلایەن و قەتیش ئەندامی هیچ حزبێکی سیاسی نەبووە و خوێندنیشی تەواو نەکردووە... کەس بەدواداچوونی لەسەر نەکرد، کەس بەرگری لە شێرزاد نەکرد و هەواڵە درۆ و بێبنەماکەش دەستاو دەستی دەکرد. 

بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری درۆ لە فەیسبووک و ماڵپەرەکانی دیکەی ئێلیکترۆنی، کاریگەری لە کوردستان زۆر لە وڵاتانی دیکە زیاترە، چونکە کوردستان بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکە گچکەیە، شێوەی ژیانی تایبەتە و خەڵک لە نزیکەوە یەکتر دەناسن و یەکتر دەبینن.

رۆژنامەی ئێلیکترۆنی France 24 Observers چەندین ساڵە کار لەسەر ئاشکراکردنی گوتار و وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی درۆ دەکا، کە ژمارەیان لەم دواییانە بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردییە. Julien Pain سەرنووسەری رۆژنامە دەڵێ:

- بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناراست بە هەمان شێوەی هەواڵی راست گرنگە. بەتایبەتیش لەکاتی ئێستادا، کە ئێمە تاکە سەرچاوەی هەواڵمان نییە و خەڵک بە نووسینی دیکەش بڕوا دەکەن لەناویاندا، کە جێگای گومانن، بۆیە کاری ئێمە وەک رۆژنامەنووس ئاگادارکردنەوەی خەڵکە لە هەواڵە درۆ و هەڵبەستراوەکان...