وته‌بێژى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده: مێژوو رووى ئه‌وانه‌ى جەلادئاسا بەربوونەتە گیانى خەڵکى سلێمانى ره‌ش ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:
له ژێر ناونيشانى "سلێمانى بە دەست چەند جەلادێکەوە"، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، شۆڕش غه‌فوور له وتارێكدا هێرشيكردووه‌ته سه‌ر ئه‌وانه‌ى دنه‌ى بايكۆت و راگرتنى ده‌وامى په‌روه‌رده له سلێمانى ده‌ده‌ن.
شۆڕش غه‌فوور له وتاره‌كه‌يدا له باره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌وه ده‌ڵێت: "ئەمانە تاقمێکى بەرژەوەندیخواز و سیاسی دۆڕاون کە مێژوویەکى ڕەشیان لە شەڕى براکوژى و گێرمەوکێشەکانى شاخ و شار هەیە، تووشى ئیفلاسى سیاسى و ئەقڵى بوونە، سەرەڕاى ئەوەیش چەند بەناو ڕۆژنامەنووسیشیان لەگەڵە کە دوور لە کارى پیشەیی خۆیان ئامادەن پیشەکەى خۆیان هەرزانفرۆش بکەن و کاریان تەنیا بووەتە سەنگەرگرتن بۆ کەسان و لایەنێک دژى کەسان و لایەنى دیکە".
هه‌روه‌ها نووسيويه‌تى: "بۆ نمونە لەم قەڵەمە بێویژدانانە کەسى وایان تێدایە کە لە کاتى ئەزموونى کەفائەتى ماستەر لە کەرکوک تەزویرى کردووە و دواتر بەرامبەر بە فرۆشتنى قەڵەمەکەى لە ماستەر وەرگیراوە و لە زانکۆ وانەى ئەخلاق دەڵێتەوە و لەم ڕۆژانەیش ناوى لە دکتۆرا دەرده‌چێت، یان هەیانە لە شەرمان چووەتە بەغدا بۆ بەدەستهێنانى بڕوانامەى باڵا، یان هەیانە پێشتر لە فکرەى توندڕەوى ئیسلامی سوارچاک بووە و ئێستا لەم دۆخەى سلێمانیدا بووەتە دەمڕاستى فکرى ئازاد و دیموکراسى".
وته‌بێژه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده له وتاره‌كه‌يدا كه وێنه‌يه‌كى بۆ كوردستان 24 نێردراوه زياتر له باره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌وه قسه‌يكردووه و نووسيويه‌تى: "ئێستا ئەمانە بە گشتى بوونەتە جەلاد بەسەر سلێمانیدا و دەبێت ڕۆژێک باجى یاسایی و ئەخلاقى خۆیان بەرامبەر خوێندنى منداڵانى سلێمانى بدەن".
ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه كردووه، "لە زۆر وڵاتى دونیایدا ئەو کەسانەى سەرەوە کە چارەنووسى خەڵکانێک بەم جۆرە بەلاڕێدا دەبەن و بەکاریان دەبەن بۆ بەدەستهێنانى بەرژەوەندی تایبەت و شەخسى، ڕێگەیەیان لێ دەگیردرێت و دەخرێنە دەرەوەى چوارچێوەى ئاساییبوونەوە، بەدەر لەمەیش دەبێت خولى ڕاهێنانى کەفائەتى نیشتمانى و سیاسى و ڕەوشت و ئاکارى مرۆڤانە ببینن".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئەم کەسانەى کە خەڵکى پاک و سادەیان بەکار هێنا بۆ موزایەدە و تاکتیکە سیاسی و بەرژەوەندی شەخسى، لە بەرامبەر منداڵان و قوتابیانى سلێمانى بەرپرسیاریەتى یاسایی و سیاسى و ئەخلاقییان دەکەوێتە ئەستۆ، چونکە بوونەتە جەلادى سلێمانى".
له كۆتايى وتاره‌كه‌شيدا شۆڕش غه‌فوور، نووسيويه‌تى: "ئێستا هەمووى خەڵکى سلێمانى بە گشتى و کەسوکارى خوێندکارانى بەتایبەتى، سەرەڕاى کاریگەری و قورسى بارى کۆمەڵایەتی و ئابووری، لە دەست ئەم جۆرە سایسەتە بێزارن و مێژوویش ڕووى ئەم کەسانە ڕەش دەکات کە جەلادئاسا بەربوونەتە گیانى ئەم خەڵکە و شارى سلێمانییاین گەیاندووەتە ئەم ڕۆژە".
بڕيار بوو وه‌رزى نوێى خوێندن له 1ى تشرينى يه‌كه‌م/، ئۆكتۆبه‌رى 2016 ده‌ستپێبكات، به‌ڵام وێڕاى 10 رۆژ دواخستنى، له سنوورى ئيدارى پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه به هۆى بايكۆتكردنى ده‌وامه‌وه تا ئێستا ده‌رگاى قوتابخانه حكومييه‌كان نه‌كراونه‌ته‌وه و هاوكات قوتابخانه ئه‌هلييه‌كان و كه‌رتى تايبه‌ت ده‌وام تێياندا ئاساييه و به هۆى ئه‌و بايكۆته‌وه ده‌يان هه‌زار قوتابى له مافى خوێندن بێبه‌شكراوون.