جەعفەری: ئەگەر پێویست بێت حەشدی شەعبی دەچێتە نێو مووسڵ

"ناتوانین رێگا لە خەڵک بگرین بۆ چوونە نێو سووریا"

K24 – ھەولێر

وەزیری دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت، حەشدی شەعبی سەر لە چوارچێوەی سیستمی وەزارەتی بەرگری عێراقە و ئەگەر پێویست بكات بەشداری لە شەڕەكانی نێو مووسڵ دەكات.

لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەیەکی رووسی، ئیبراھیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراق، ئاماژەی بۆ ئەگەری بەشداریپێکردنی گرووپەکانی حەشدی شەعبی کرد، لە شەڕەکانی نێو مووسڵ و رایگەیاند، دوای پەسندکردنی یاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمان، ئێستا حەشدی شەعبی سەر بە سیستمی بەرگری عێراقییە و ئەگەر پێویست بکات لە شەڕی نێو مووسڵیش بەشداری دەکەن.

لەبارەی شەڕکردنی چەند گرووپێکی حەشد لە سووریا، جەعفەری گوتی: "ناتوانین رێگا لە خەڵک بگرین بۆ چوونە نێو سووریا، بەڵام سیاسەتی حکوومەت رێگری دەکات لە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی دراوسێ".

پێشتریش، ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بەسەرۆکایەتی نووری مالیکی، داوای لە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران کرد، رێگا بە بەشداری حەشدی شەعبی بدات، لە شەڕەکانی نێو مووسڵ.