پەرلەمانتارێكی یەكێتی پێشنیار دەكات توركیا و پەكەكە لە ھەرێمی كوردستان بكشێنەوە

ھەر ھێزێك كە لە كوردستان شەری داعشی كردووە پێویستە لەوە تێبگات كە شنگال و شوێنەكانی دیكە سنووری ئیداری ھەرێمی كوردستانن
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

پەرلەمانتارێكی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی رایدەگەیەنێت، لەپێناو ئاشتی و ئارامی بۆ ھەرێمی كوردستان و ناوچەكە پێویستە توركیا و پەكەكە ھەردووكیان لە ھەرێمی كوردستان بكشێنەوە.

محەمەد عوسمان دووشیوانی، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی، لە میانی بەشداریكردنی لە ژووری ھەواڵی كوردستان24  رایگەیاند: "ھەر ھێزێك كە لە ھەرێمی كوردستان شەری داعشی كردووە پێویستە لەوە تێبگات كە شنگال و شوێنەكانی دیكە سنووری ئیداری ھەرێمی كوردستانن و نابێت رێگە خۆشبكەین بۆ دوژمنانی كورد ئامانجەكانیان بھێننەدی".

دووشیوانی پێشنیاریشی كرد، ھەم توركیا و ھەمیش پەكەكە لە سنووری ئیدارەی ھەرێمی كوردستان بكشێننەوە و ئیدارەدانیشی بۆخۆمان بەجێبھێڵن، ئەمەش بۆ ئەوەی شەڕ و مەترسیی دروستبوونی لە ھەرێمی كوردستان دوور بكەوێتەوە.