عەبادی شەڕەكانی ئێستای مووسڵ بە یەكلاكەرەوە دەزانێت

فەرماندەی ھێزە چەكدارەكانی عێراق لەگەڵ فەرماندە و ئەفسەرە پلە باڵاكانی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ كۆدەبێتەوە

K24 - ھەولێر

حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، فەرماندەی ھێزە چەكدارەكان، بارەگای ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی نەینەوا "ھاتین نەینەوای" بەسەركردەوە و لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكانی ئۆپەراسیۆنەكە، باسی لە دوایین پێشڕەوییەكانی ھێزەكان لە نێو گەڕەكەكانی مووسڵ كرد.

لە میانی بەسەركردنەوەی بەرەكانی شەڕ عەبادی رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەكە بە گوێرەی ئەو پلانەی بۆی دانراوە بەڕێوەدەچێ و قۆناخی ئێستاش یەكلاكەرەوە دەبێت.

كۆبوونەوەی حەیدەر عەبادی فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكانی عێراق لەگەڵ ژمارەیەك لە فەرماندە و ئەفسەرانی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ

قۆناغی یەكەمی ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ رۆژی 17 تشرینی یه‌كه‌می رابردوو، 10 هه‌فته‌ به‌ر له‌ ئێستا به‌ به‌شداری زیاتر له‌ 100 هه‌زار كه‌س له‌ سوپای عێراق و پێشمەرگە، به‌ پشتگیری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ستیپێكرد و زیاتر لە 40 گەڕەكی مووسڵ لە دەستی داعش رزگاركران، رۆژی پێنج ‌شەممه‌ 29 كانوونی یه‌كه‌می 2016 قوناغی دووه‌می ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ ده‌ستیپێكرد.