نووسینی جوان و نووسینی سەردێر

Kurd24

لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیای زانیاری و زۆربوونی ژمارەی بەکارهێنەرانی ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەرفەتێکی زێڕین بۆ هەموو کەسێک رەخساوە، بێ تێپەڕبوون بە هیچ فلتەرێک (filter)، نووسین و وێنە و دەنگ و گرتەی ڤیدیۆیی خۆی لە ئەکاونتی کۆمەڵایەتی دابنێ و بڵاویبکاتەوە.

ئەم دەرفەتە باشە، تەنیا هاوڵاتی ئاسایی سوودی لێوەرنەگرتووە، بەڵکو نووسەر و رۆژنامەنووس و کەسانی سەرکردەش زۆرجار بەرهەم و نووسین و ڕایخۆیان لە ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان دادەنێن و بڵاودەکەنەوە.

بڵاوکردنەوەی نووسین بێ هیچ فلتەر و رەقابە لەوانەیە بۆ ئەو گەلانەی زمانی نووسینیان دەمێکە بێعەیب و ستانداردە (standard) و کێشەی ئیملا و ڕێزمان و خاڵبەندییان نییە، هیچ گرفت نەبی، بەڵام بۆ ئێمەی کورد، دەبێتە هۆی زیاتر تێکدان و وێرانکردنی زمانی کوردی و سڕکردن و گەڕانەوەی بۆدواوە.

ئەگەر کەسێکی کەمخوێندەوار پارچە نووسینێک لە فەیسبووک بڵاوبکاتەوە، بە ئەندازەی وشەکان هەڵەی تێدابی، کەس گلەیی لەو کەس ناکا، چونکە لە ڕێگەی نووسینەکەی خوێنەر ئاستی وشیاری و ڕۆشنبیری ئەوی بۆ وەدیار دەکەوی، بەتایبەتیش ئەگەر ئەو هەقیقەتە بزانین: کەس لە هاوڵاتی کەمخوێندەوار و ئاسایی, چاوڕێی نووسینی جوان و داهێنان ناکا.

جیاکردنەوەی دەستەواژەی نووسەری باش و نووسەری خراپ، ڕۆژنامەنووسی باش و رۆژنامەنووسی خراپ، کە لەزمانی کوردی دەمێکە جێی خۆی گرتووە، لە زمانەکانی ئەوروپی بەکار نایێ و بەرچاو ناکەوێ، فڵانە نووسەر یان رۆژنامەنووس باشە، چونکە هەموویان باش دەنووسن، هەموویان باش بەرنامەکانی تەلەفزیۆن و رادیۆ بەڕێوەدەبەن، هەموویان زمانی دایک باش فێرکراین و کێشە و گرفتی خاڵبەندی و ڕێزمان و یاریکردن بە وشەیان نییە.

بێگومان لەناو ئەوان نووسەری بەناوبانگ هەیە، کە داهێنانی لە نووسینەکانی کردووە، ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگ هەیە، چونکە فەرهەنگیانە پەروەردە کراوە و باکگراوندێکی رۆشنبیری زۆر گەورەی هەیە و لەناو پسۆرییەکەی خۆی تاواوەتەوە و بەردەوامیش لە زانیاری و داهێنانە تازەکان ئاگادارە. بۆیە ئەوەی ئەوان بەناوبانگ دەکا، قووڵبوونەوەی زیاتری ئەوانە لە بەرهەمەکانیان، داهێنانی ئەوانە لە کارەکانیان، ئەزموونی زۆر و خۆشەویستی ئەوانە بۆ پیشەکانیان.

نووسین دەستپێک و ناوەڕاست و کۆتایی هەیە، بۆئەوەی نووسینەکە پڕ و تەواو بێ، دەبی کەسی نووسەر شارەزای تەکنیکی نووسین بێ. هیچ مەرج نییە، چیرۆکنووسێکی سەرکەوتوو، گوتارێكی تێر و جوانی بۆ بنووسرێ، هیچ مەرج نییە شاعرێکی بەناوبانگ، گۆشەیەکی باشی بۆ بنووسرێ... لێرە مەبەست لە نووسینی باش ئەوەیە، کە بیری نوێی تێدابێت و بۆ ماوەیەکی زۆر لە مێشکی خوێنەر بمینێتەوە و خوێنەریشی زۆربێت.

زۆر لە نووسەرانی ناوداری کورد، رۆژنامەنووس و سیاسەتمەدار، هەندێ نووسین یان بەرهەم بڵاودەکەنەوە، هەڵە و کەموکورتی زۆرە، خاڵبەندی لاوازە، دەستپێک و تەکنیکی نووسین و دەربڕینی خراپە و بە ئاسانی دەبیندرێ، کەسی نووسەر هەقی خۆی بە نووسینەکە نەدایە و سەردێریشی خراپ و سەقەتە.

هەموو نووسینێک بە سەردێر دەستپێدەکا، بۆیە ئەگەر سەردێر خراپ نووسرابی، باوەڕناکرێ ناوەڕۆکیش باش بێت، لەڕاستیدا، نووسینی سەردێر لە هەندێک رۆژنامە گەورەکانی ئەوروپا، رۆژنامەنووس یان نووسەری گوتار ناینووسن، بەڵکو تێمیک بۆ نووسینی هەموو سەردێرەکان لەلایەن دەستەی نووسەرانەوە دیاریکراوە و ئەوان بەو کارە هەڵدەستن.

بەگوێرەی ڕای پسپۆرانی ڕاگەیاندن، سەردێر بەهیچ شێوەیەک نابی بە پرسیار دەستپێبکا، چونکە لەوکات تۆ پرسیارەکە ئاڕاستەی خوێنەر دەکەیت و خوێنەریش لەوانەیە وەڵامی پرسیارەکەی تۆ نەزانێ، دیارە نووسەر مەبەستی دیکەی لەپشت هەڵبژاردنی ئەوجۆرە سەردێرە هەیە، بەڵام هیچ مەرج نییە، خوێنەر لە مەبەستی ئەو بگا..

- ئەگەر تۆ ناچار بكرێیت، سەردێر لە شێوەی پرسیار بنووسیت، لەوكات دەبێ‌ وێنە لەگەڵ نووسینەکەت دابندرێ. دانانی وێنە کاریگەری زۆر دەبێ و لەگەڵ خوێنەر، پەیوەندی دروست دەکا. لەگەڵ ئەوەش نیشانەی پرسیار بۆ سەردێر، دەبێ‌ زۆر بەهۆشیاری مامەڵەی لەگەڵ بكرێ‌. ئەوەی سەرەوە ڕای  Rune Pettersson نووسەر و ڕۆژنامەنووسی سوێدییە. جگە لەوە لە سەردێر نابی وشەی نێگەتیڤیش بنووسرێ.

ڕۆژانە کۆمەڵێک نووسین لەسەر لاپەڕەی رۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەرە کۆمەڵایەتییەکان بەرچاو دەکەون، سەردێرەکانیان لە شێوەی پرسیار نووسراین. خاوەنی ئەو نووسینانە ئاگایان لەو هەقیقەقتە نییە، کە نووسین و دانانی سەردێر بە پرسیار لەلایەن پسپۆر و مامۆستایانی ڕاگەیاندن لە ئەوروپا  زۆر دەمێکە رەفز کراوەتەوە...   

بەڕای ئەنتۆن كارلگرێن، سەرنووسەر و خاوەن ئیمتیازی ڕۆژنامەی داگینس نیهێتەری سویدی لە 1909- 1923: سەردێر دەبێ دوو ئامانجی هەبێ‌ یەكەمیان: كار بكاتە سەر خوێنەر، كە گوتارەكە بخوێنێتەوە دووەمیان: خوێنەر لە ناوەرۆكی گوتارەكە ئاگادار بكا.

رۆژنامەنووسی کورد فێرنەکرایە بۆ نووسینی یەک گوتار کتێبێک یان زیاتر بخوێننەوە، کۆمەڵێک تەلەفۆن بکا، لە ئینتەرنێت زانیاری تازە وەربگرێ. ڕۆژنامەنووسی کورد فێرنەکرایە، بۆ نووسینی یەک گوتار یەک هەفتە یان زۆر زیاتر خەریکی کۆکردنەوەی زانیاری بێت، فێرنەکرایە پەلە لە نووسین نەکا و بیرۆکەی بە کورتی دەربڕێ، بۆیە نووسینەکانیان هەرزان و سووک و سادە دێنە بەرچاو، وەڵامی پرسیارە بنەڕەتییەکان ناداتەوە و داهێنانی تێدانییە یان زۆر کەمە... ئەوانەی سەرەوە رۆژنامەگەری کوردییان لاوازکردییە، زمانی کوردییان خراپکردییە، خوێنەریان دوورخستۆتەوە.

زۆر کەس لە ڕێگەی دانانی هەڵبەست، چیرۆک نووسین یان سیاسەت فێری نووسینی گوتار بووین، ئێستا ناوبانگی زۆریان پەیداکردووە و لە زۆر رۆژنامەکانی کوردستان نووسینیان بڵاودەکەنەوە. لەوانەیە هەندێک لە نووسینەکان زۆر جوانیشبن، بەڵام دوور هاوار دەکەن، کەسی نووسەر، ئاگاداری شێوەی نووسینی ژانرەکانی ڕۆژنامەوانی نییە، تەکنیکی نووسینی لاوازە، درێژدادڕە و سەردێر بە پرسیار دەنووسی.

جواننووسین لەراستیدا ئاسانە، بەڵام کاتی زۆری دەوێ، تێرنووسین ئاسانە، بەڵام قوڵبوونەوەی زۆری دەوێ. کەمن ئەوانەی بە کوردی جوان دەنووسن و هەق بە نووسینەکانیان دەدەن.