گوتەبێژی ھاوپەیمانان بۆ كوردستان24: ئامادەكاری بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ دەستیپێكردووە

"تا ئێستا 90% لای چەپی مووسڵ لە دەستی داعش رزگاركراوە"

K24 - ھەولێر

لە میانی بەشداریكردنی لە رووماڵی ھەواڵەكانی كوردتسان24، جۆن دۆریان گوتەبێژی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند: "ھێزەكانی عێراق پێشڕەوی باشیان كردووە لە نێو مووسڵ، توانیویانە بەشێكی زۆری لای چەپی شارەكە كۆنترۆڵ بكەنەوە و خەڵكی سڤیل بپارێزن".

لەبارەی قۆناغی دووەمی شەڕی مووسڵ گوتی: "ھێزە عێراقییەكان ھەنگاوی باشیان ناوە بە خێرایی پێشڕەوی دەكەن و دوژمن ناتوانێ بەرگری بكات، ھێزەكانی ھاوپەیمانانیش بەردەوامن لە ھێرشە ئاسمانییەكان، تا ئێستا 9 ھەزار ھێرشی ئاسمانیمان ئەنجامداوە و بە سەدان مۆڵگەی داعشمان لەناو بردووە و بەسەدان چەكداری داعشمان كوشووە".

جۆن دۆریان، سەبارەت بە كاتی كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی مووسڵ ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "زەحمەتە بتوانین كات دیاری بكەین بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی شارەكە، بەڵام گرنگ ئەوەیە كاتێك دەتوانرێت مووسڵ بە تەواوی كۆنترۆڵ بكرێتەوە كە پارێزگاری لە خەڵكی سڤیل بكرێت، ئەمەش ستراتیژیەتێكی سەركەوتووە، ئێمە زۆر گرنگی بەوە دەدەین خەڵكی سڤیل بپارێزرێت، داعش خەڵكی مووسڵی وەك قەڵغان بەكارھێناوە، بەڵام ھێزەكانی عێراق بە پلان ھەنگاویان ناوە".

گوتەبێژی ھاوپەیمانان راشیگەیاند: "ئێستا 90% لای چەپی مووسڵ رزگاركراوە و ئامادەكاری زیاتر بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ كراوە، بەڵام نابێ كاتەكە دیار بكەین، ئەو بڕیارەش لای ھێزە عێراقییەكانە، ھێزەكانی ھاوپەیمانانیش پاڵپشتیان دەكەن".

لەبارەی مووسڵی دوای داعش جۆن دۆریان ئاشكرای كرد: "پاراستنی مووسڵ دوای داعش لە ئەستۆی ھێزەكانی پۆلیسی عێراقە و تا ئێستا 3 ھەزار پۆلیسی عێراق مەشق و راھێنانیان پێكراوە بۆ پاراستنی شارەكە لە دوای داعش و رێگرتن لە سەرھەڵدانەوەی گرووپی چەكداری توندڕەو لە شارەكە".