ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ دەستیپێكرد

عەبادی: بۆ بە ھاناوەچوونی ھاووڵاتیان دامودەزگاكانمان راسپاردووە
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

حەیدەر عەبادی  فەرماندەی ھێزە چەكدارەكانی عێراق، ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی رۆژئاوای مووسڵی راگەیاند.

عەبادی رۆژی یەكشەممە 19 شوباتی 2017 بە راگەیاندنی دەستپێكردنی قوناغێكی دیكەی ئۆپەراسیۆنی موسڵ بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی رۆژئاوای شارەكە ئاماژەی بەوەدا "ئەركی ھێزەكانمان پێش رزگاركردنی خاك پاراستنی ھاووڵاتیانە و بۆ بە ھانەوەچوونی ھاووڵاتیانیش دامودەزگاكانمان راسپاردووە و پاراستنی ھاووڵاتیان كاری لە پێشینەی ھێزەكانمانە".

رۆژئاوای مووسڵ زیاتر لە 35 گەڕەك دەبێت و 40% شارەكە پێكدەھێنێت و پێشبینی دەكریت 650 ھەزار كەس لەو بەشەی شارەكە لە ژیر دەسەڵاتی داعشدا بن. ھەر یەك لە ھێزەكانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵ و حەشدی شەعبی بەشداری ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای موسڵن.

ھێزەكانی ئاسمانی عێراق رۆژێك بەر لە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكە بە ملیۆنان بڵاوكراوەیان لە گەڕەكەكانی رۆژئاوای موسڵ بەرداوەتە خوارەوە و دانیشتوانی ئەم بەشەی شارەكەیان لە نزیكبوونی ئۆپەراسیۆن ئاگادار كردەوە.

ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ لە 17 تشرینی یه‌كه‌می 2016 به‌ به‌شداری 100 هه‌زار كه‌س له‌ هێزه‌كانی عێراقی و كوردستانی ده‌ستیپێكرد، پاش ئەوەی بەشێكی زۆری ناوچەكانی دەوروبەری مووسڵ لە لایەن پێشمەرگە كۆنترۆڵكرانەوە، دوای زیاتر لە سێ مانگ دژە تیرۆری عێراق كۆنترۆڵكردنی رۆژھەڵاتی شارەكەی راگەیاند.

روانگەی عێراقی بۆ مافی مرۆڤ دوو رۆژ بەر لە ئێستا بڵاوی كردەوە برسێتی ھەڕەشە لە ژیانی 140 ھەزار منداڵ لە رۆژئاوای موسڵ دەكات.

بە ئاماژەپێدان به‌ و برسێتییه‌ی دانیشتوانی رۆژئاوای مووسڵی گرتووه‌ته‌وه‌، دەڵێت  "ژیانی 140 ھەزار منداڵ كە لەم بەشەی شارەكە دەژین لە مەترسی دایە، پاش ئەوەی مادەكانی خۆراك تەواو بوون، لەوانە شیر و ئەو خواردنەی بۆ منداڵان پێویستن و لەگەڵ كەمبوونی ئاوی خواردنەوە، ئەگەری مردن بەھۆی برسێتی و تنوێتی زیاتر كردووە".

لە لایەكی ترەوە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینیدەكات نزیکەی 300 هەزار کەس لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی کۆنتڕۆڵکردنی رۆژئاوای موسڵ ئاوارە ببن. 

بە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی رۆژئاوای موسڵ، فڕۆكەكانی ھاوپەیمانان دەستیان بە بۆردومانكردنی پێگەكانی داعش لە رۆژئاوای شارەكە كرد و تۆپخانەكانی سوپای عێراقیش بنكەی سەربازی خەزلانی تۆپباران دەكەن.

فەرماندە سەربازییەكانی عێراق پێشتر ئاماژەیان بە ئاستەنگەكانی بەردەم ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی رۆژئاوای موسڵ و جیاوازییەكانی لەگەڵ شەڕی رۆژھەڵاتی موسڵ كرد، لەوانە چڕی دانیشتوان لە رۆژئاوای موسڵ، كۆنی شارەكە كە بیناكانی زۆر لە یەك نزیكن و شەقام و كۆلانەكانیشی تەسكن و لە لایەكی تریشەوە كشانەوەی چەكدارانی داعش بەھۆی ئابڵۆقەدانیان بە دوور دەزانن و بە توندی بەرەنگاری ھێزەكانی عێراق دەبنەوە.

داعش لە رۆژانی كۆتایی لە دەستدانی رۆژھەڵاتی موسڵ تاكتیكی نوێی بەكار ھێنا، لەوانە بەكارھێنانی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بۆ چاودێری و بۆردومان. لەگەڵ ئەوەشدا دەستی بە بۆمبرێژكردنی بینا و ئامادەكردنی ئۆتۆمبێلی بۆمبەكراو بۆ ھێرشی خۆكوژی لە رۆژئاوای موسڵی كرد و نیشانەشكێنەكانیشی لەم بەشەی شارەكە بڵاوە پێكرد.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لەوانەیە ستراتیژی نوێی سەربازی بۆ رۆژئاوای موسڵ بگرێتەبەر و داوای بەشداریكردنی ھێزەكانی دیكە لە پێشمەرگە، حەشدی شەعبی، پاسەوانی نەینەوا و چەكدارانی دیكە بكات.

JS - HM