بە ڤیدیۆ...ھێزەكانی عێراق بەرەو رۆژئاوای مووسڵ پێشڕەوی دەكەن

ھێزەكانی عێراق چوونە نێو گوندی ئەلبوسێف لە نزیك فڕۆكە خانەی مووسڵ
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لە ماوەی دوو رۆژدا ھێزە ھاوبەشەكانی عێراق بە پشتیوانی ھاوپەیمانان نزیكەی 20 گوندیان لە رۆژئاوای مووسڵ لە دەست داعش رزگاركردووە.

لە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ ئەمڕۆ ھێزەكانی عێراق چوونە نێو گوندی ئەلبوسێف لە نزیك فڕۆكە خانەی مووسڵ.

لەلایەكی دیكەوە پەیامنێری كوردستان24 لە مووسڵ رایگەیاند: "ئەمڕۆ ھێزێكی زۆر بە چەكی گەورە و تانك و زرێپۆش بۆ بەشداریكردن لە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی رۆژئاوای لە دەست چەكدارانی داعش  بەرەو رۆژئاوای مووسڵ بەڕێكەوتن".

بەرەبەیانی دوێنێ 19 شوباتی 2017 حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و فەرماندە گشتی ھێزە چەكدارەكانی عێراق، دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای موسڵی راگەیاند.

رۆژئاوای مووسڵ زیاتر لە 35 گەڕەك دەبێت و 40% شارەكە پێكدەھێنێت و پێشبینی دەكرێت 650 ھەزار كەس لەو بەشەی شارەكە لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا بن. ھەر یەك لە ھێزەكانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵ و حەشدی شەعبی بەشداری ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای موسڵ دەكەن.

ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ لە 17 تشرینی یه‌كه‌می 2016 به‌ به‌شداری 100 هه‌زار كه‌س له‌ هێزه‌كانی عێراقی و كوردستانی ده‌ستیپێكرد، پاش ئەوەی بەشێكی زۆری ناوچەكانی دەوروبەری مووسڵ لە لایەن پێشمەرگە كۆنترۆڵكرانەوە، دوای زیاتر لە سێ مانگ دژە تیرۆری عێراق كۆنترۆڵكردنی رۆژھەڵاتی شارەكەی راگەیاند.