ھێزەكانی عێراق بەرەو فڕۆكەخانەی مووسڵ پێشڕەوی دەكەن

بە گوتەی فەرماندە سەربازییەكان تەنھا یەك كیلۆمەتر ماوە ھێزەكانی عێراق بگەنە فڕۆكەخانەی مووسڵ
kurdistan24.net

K24 – مووسڵ

چیمەن عادل پەیامنێری كوردستان24 لە رۆژئاوای مووسڵ رایگەیاند: "ھێزەكانی عێراق لە پێشڕەویدان بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی فڕۆكەخانەی مووسڵ و تەنھا یەك كیلۆمەتر ماوە بچنە ناو فڕۆكەخانە".

گوتیشی: "جگە لە تۆپخانەكانی ھێزەكانی عێراق، فڕۆكەكانی ھاوپەیمانان ھێرش دەكەنە سەر بنكە و بارەگاكانی داعش".

پەیامنێری كوردستان24 راشیگەیاند: "بوونی ھاووڵاتیانی سڤیل لە ناوچەكە، یەكێكە لە ھۆكارەكان بۆ پێشڤەچوونی ھێزەكانی عێراق بەخێرایی".

رۆژی 19 شوباتی 2017 حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و فەرماندە گشتی ھێزە چەكدارەكانی عێراق، دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای موسڵی راگەیاند.

رۆژئاوای مووسڵ زیاتر لە 35 گەڕەك دەبێت و 40% شارەكە پێكدەھێنێت و پێشبینی دەكرێت 650 ھەزار كەس لەو بەشەی شارەكە لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا بن. ھەر یەك لە ھێزەكانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵ و حەشدی شەعبی بەشداری ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ دەكەن.

ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ لە 17 تشرینی یه‌كه‌می 2016 به‌ به‌شداری 100 هه‌زار كه‌س له‌ هێزه‌كانی عێراقی و كوردستانی ده‌ستیپێكرد، پاش ئەوەی بەشێكی زۆری ناوچەكانی دەوروبەری مووسڵ لە لایەن پێشمەرگە كۆنترۆڵكرانەوە، دوای زیاتر لە سێ مانگ دژە تیرۆری عێراق كۆنترۆڵكردنی رۆژھەڵاتی شارەكەی راگەیاند.