فڕۆكەخانەی مووسڵ كۆنترۆڵكرا

ھێزەكانی عێراق لە پێشڕەویدان بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ لە دەستی چەكدارانی داعش

K24 – ھەولێر

كەمێك پێش ئێستا ھێزەكانی عێراق، فڕۆكەخانەی مووسڵیان لە دەست چەكدارانی داعش كۆنتڕۆڵكردەوە.

پەیامنێری كوردستان24 لە مووسڵ رایگەیاند: "لە چوارچێوەی پرۆسەی ئازادكردنەوەی مووسڵ، ئەمڕۆ ھێزەكانی عێراق كارگەی شەكر و چەند شوێنێكی دیكەیان لە دەستی داعش رزگاركرد".

گوتیشی: "كەمێك پێش ئێستا ھێزەكانی عێراق فڕۆكەخانەی مووسڵیان كۆنترۆڵكردەوە و لە پێشڕەویدان بۆ رزگاركردنی ناوچەكانی دیكە لە دەستی داعش".

رۆژی 19 شوباتی 2017 حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و فەرماندە گشتی ھێزە چەكدارەكانی عێراق، دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای موسڵی راگەیاند.

رۆژئاوای مووسڵ زیاتر لە 35 گەڕەك دەبێت و 40% شارەكە پێكدەھێنێت و پێشبینی دەكرێت 650 ھەزار كەس لەو بەشەی شارەكە لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا بن. ھەر یەك لە ھێزەكانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵ و حەشدی شەعبی بەشداری ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ دەكەن.

ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ لە 17 تشرینی یه‌كه‌می 2016 به‌ به‌شداری 100 هه‌زار كه‌س له‌ هێزه‌كانی عێراقی و كوردستانی ده‌ستیپێكرد، پاش ئەوەی بەشێكی زۆری ناوچەكانی دەوروبەری مووسڵ لە لایەن پێشمەرگە كۆنترۆڵكرانەوە، دوای زیاتر لە سێ مانگ دژە تیرۆری عێراق كۆنترۆڵكردنی رۆژھەڵاتی شارەكەی راگەیاند.