سەركردەیەكی دیكەی داعش لە مووسڵ كوژرا

"ھێزەكانی عێراق بە ھاوكاری ھاوپەیمانان لە رۆژئاوای مووسڵ لە پێشڕەویدان و چەندین ئامانجیان پێكاوە"

K24 - ھەولێر

هێزەکانی پۆلیسی عێراق سەرکردەیەکی مەیدانی داعشیان لە رۆژئاوای مووسڵ کوشت، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی "ھاتین یا نەینەوا" رایگەیاند، هێزەکانیان بە ئاراستەی کۆنترۆڵکردنەوەی ئامانجە دیاریکراوەکان لە پێشڕەویدان.

 فەریق رائید شاکر جەودەت، فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی رایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە عەبدولڕەحمان عەتیە، ناسراو بە ئەبو موەفەق، یەکێک لە سەرکردە مەیدانییەکانی داعش لە رۆژئاوای مووسڵ بکوژن.

هاوکات عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی قادیمون نەینەوا گوتی، هێزەکانی عێراق بە پاڵپشتی فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق و هاوپەیمانان بە ئاراستەی کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکان لە پێشڕەویدان.

رۆژی 19 شوباتی 2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی رۆژئاوای مووسڵی راگەیاند، تا ئێستا چەندین ناوچە لەژێر دەستی داعش کۆنترۆڵکراونەتەوە.