گەڕەكی تەیران لە مووسڵ كۆنترۆڵكرایەوە

ھەوڵی كۆنترۆڵكردنی گەڕەكی مەنسور، سێیەم گەڕەك لە رۆژئاوای موسڵ دەدەن

K24 - ھەولێر

ھێزەكانی عێراق رۆژی دووشەممە 27 شوبات گەڕەكی تەیران لە مووسڵ بە تەواوەتی كۆنترۆڵ دەكەن و ئاڵای عێراق بەسەر بیناكانی بەرز دەكەنەوە و ھەوڵی كۆنترۆڵكردنی گەڕەكی مەنسور، سێیەم گەڕەك لە رۆژئاوای مووسڵ دەدەن.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ فەريق عەبدولئەمير يارەڵڵا رایگەیاند ھێزەكانی پۆلیسی فیدراڵ و بەرپەچدانەوەی خێرا گەڕەكی" الطيران"یان كۆنترۆڵ كرد.

گوتیش لە شەڕی كۆنترۆڵكردنەوەی ئەم گەڕەكە، داعش زیانێكی زۆری گیانی و كەرەستەی سەربازی بەركەوت و پاش شكاندنی داعش ئاڵای عێراق لەسەر بیناكانی گەڕەكی تەیران بەرزكرایەوە.

ھێزەكانی  دژە تیرۆری عێراق رۆژی یەكشەممەی رابردوو گەڕەكی "المامون"یان بە تەواوەتی كۆنترۆڵ كرد و ئاڵای عێراقیان بەسەر بیناكانی بەرز كردەوە.

ھەردوو گەڕەك بە یەكەم گەڕەك لە باشووری رۆژئاوای موسڵ ئەژمار دەكرێن و ھێزەكانی عێراق پاش كۆنترۆڵكردنی فڕۆكەخانەی موسڵ، بەرگرییەكانی پێشەوەی داعشیان لەم گەڕەكانە روخاند.

ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی رۆژئاوای رۆژی 19 شوباتی 2017 بە فەرمانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكان دەستیپێكرد.

 رۆژئاوای مووسڵ زیاتر لە 35 گەڕەك لە خۆ دەگرێت و 40% شارەكە پێكدەھێنێت و پێشبینی دەكرێت 650 ھەزار كەس لەو بەشەی شارەكە لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا بن. ھەر یەك لە ھێزەكانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵ و حەشدی شەعبی بەشداری ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ دەكەن.

پۆلیسی فیدراڵ رۆژی 24 شوباتی 2017  كۆنتڕۆڵكردنی فڕۆكەخانەی موسڵی راگەیاند، كە رۆژی پێشتر بنكەی سەربازی غەزلانیان كۆنترۆڵكردبوو.

ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ لە 17 تشرینی یه‌كه‌می 2016 به‌ به‌شداری 100 هه‌زار كه‌س له‌ هێزه‌كانی عێراقی و كوردستانی ده‌ستیپێكرد، پاش ئەوەی بەشێكی زۆری ناوچەكانی دەوروبەری مووسڵ لە لایەن پێشمەرگە كۆنترۆڵكران، دوای زیاتر لە سێ مانگ دژە تیرۆری عێراق كۆنترۆڵكردنی رۆژھەڵاتی شارەكەی راگەیاند.

JS