له‌ كۆڕێكدا توێژه‌ران و ئه‌كاديميانى ميسر رۆڵى مسته‌فا بارزانى له‌ مێژوودا تاوتوێده‌كه‌ن

(ناسر و بارزانى، په‌يوه‌ندييه‌كانى ميسر و كوردستان)، ناونيشانى كۆڕێكى نوێنه‌رايه‌تى پارتى ديموكراتى كوردستانه‌ له‌ قاهيره‌
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

(ناسر و بارزانى، په‌يوه‌ندييه‌كانى ميسر و كوردستان)، ناونيشانى كۆڕێكى نوێنه‌رايه‌تى پارتى ديموكراتى كوردستانه‌ له‌ قاهيره‌ كه‌ به‌ بۆنه‌ى 38 ساڵه‌ى كۆچى دوايى مسته‌فا بارزانى رابه‌رى نه‌ته‌وه‌يى كورد ئه‌نجاميدا.

نووسينگه‌ى نوێنه‌رايه‌تى پارتى راگه‌يه‌ندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێيدا هاتووه‌: "بە بۆنەی ٣٨ـەمین ساڵیادی كۆچى دوايى مسته‌فا بارزانی و ٣٠ـەمین ساڵیادی ئیدریس بارزانی، نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قاهیرە ئێوارە کۆڕێکی لە ژێر ناوونیشانی (ناسر و بارزانی، و پەیوەندییەکانی میسر و کوردستان)، بە ئامادە بوونی چەندین کەسایەتی حزبی و ئەکادیمی و رۆژنامەنووس ساز کرد".

هه‌روه‌ها هاتووه‌: "له‌و كۆڕه‌دا شێرکۆ حەبیب نوینەری پارتی دیموکراتی کوردستان، لە وتەیەکدا ئاماژەی بە رۆڵی جەنابی بارزانی نەمر کرد لە دابینکردنی مافە رەواکانی گەلی کوردستان کرد، وەک سەرکردەیەکی نەتەوەیی زیاتر لە نیو سەدە لە خەبات تێکۆشان بەردەوام، هەروەها ئاماژەی بە شۆڕشی ئەیلولی مەزن کرد کە بارزانی نەمر رابەرایەتی دەکرد، ئەو شۆڕشە ئەوەی سەلماند کە بارزانی نەمر سەرکردەیەکی سەرجەم گەلانی عێراق بوو".

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "هه‌ر له‌و كۆڕه‌دا شێركۆ حه‌بيب ئاماژەی بە رۆڵی سەرکردەی هەردەم لە یاد کاکە ئیدریس بارزانی کرد، لە چەسپاندن و بەرقەرار بوونی ئاشتی و تەبایی لە نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان و رۆڵی سەرەکی هەبوو لە رێككەوتنی ساڵی 1986 و ئەندازیاری ئاشتی بوو".

به‌ گوێره‌ى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌، هه‌ر له‌و كۆڕه‌دا "مەلا یاسین رەئووف نوێنەری یەکێتی نیشتمانی کورستان لە قاهیرە لە وتەیەکدا ئاماژەی بە رۆڵی بارزانی نەمر کرد و گوتی "یادی مەلا مستەفای بارزانی پێگەو تایبەتمەندی خۆی هەیە،، چونكە ئەم سەرکردەیە هەر لەسەرەتای لاویەتیدا تا وەفاتکردنی لە پێناو گەلەکەی و دابینکردنی مافەکان خەباتی کرد، خەباتی لە پێناو سەرجەم پارچەکانی کورستان کرد، و لە کۆماری مەهاباد پشتیوان و هاوکاری قازی محەمەد بوو، بۆیە پێویستە بڵیین ئەو سەرکردە تێکۆشەرێکی نەتەوەیی کوردی کوردستانی بوو، ناکرێت بڵێن لە پارچەیەکی کوردستان رابەر و سەرکردە بوو، بەڵکو رابەر و سەرکردەیەکی نەتەوەیی و جەنگاوەر بوو لە پێناو دۆزی رەوای میللەتێک".

هه‌ر له‌و كۆڕه‌دا، رەجائی فاید سەرۆکی سەنتەری میسری بۆ توێژینەوە و ديراساتی کوردی، ئەندامی ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی میسری باسی لە رۆڵی بارزانی و ماڵباتى بارزان کرد و ئاماژەی بە خەبات و تێکۆشانی بارزانی نەمر کرد و پەڕینەوە مێژوویەکی لە رووباری ئاراس، گەڕانەوە بۆ عێراق و هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلول، لە درێژەی ئاخافتنەکەی ئاماژەی بە پێشوازی جەمال عەبدولناسر لە بارزانی نەمر کرد، هەروەها ئاماژەی بە رۆڵی میسر کرد سەبارەت بە پەیوەندی نێوان هەردوو لا، فاید ئاماژەی بە مانگی ئادار کرد و گوتی مانگی نەهامەتی و خۆشییە بۆ گەلی کورد، هەروەها ئاماژەی بە وتەی چەندین کەسی ناودار کرد سەبارەت بە بارزانی نەمر.

له‌ كۆڕه‌كه‌دا هه‌ريه‌ك له‌ عاتف مغاوری جێگری سەرۆکی حزبی تەجەموع،  میلاد حەنا ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی تەجەموع،  یاسر ئەبو سیدو بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بزوتنەوەی فەتح، نزار ئەلحەکیم بەرپرسی سیاسی بالۆیزخانەی عێراقی فيدراڵ لە قاهیرە و دەر‌هێنەری بەناوبانگ عەلی بەدرخان، دکتۆرە فرناز عەتییە لە پەیوەندییەکانی رۆشنبیری دەرەوەی وەزارەتی رۆشنبیری میسری، دامیر سیتدیکۆف لە گۆڤاری پۆلتیکی روسی، چەندین کەسایەتی ئەکادیمی و راگەیاند کار و رۆژنامەنووس ئامادە بوون.