حكومەتی ھەرێم ژمارەی ئاوارەكانی موسڵ ئاشكرا دەكات

رۆژانە زياتر لە‌ 500 كه‌س خۆيان ده‌گه‌يەننه‌ سه‌نگه‌ره‌كانى پێشمه‌رگه‌ و بۆ كه‌مپه‌كان ده‌گوازرێنه‌وه‌

K24 - ھەولێر

حكومەتی ھەرێمی كوردستان رادەگەیەنێت زیاتر لە 214 ھەزار كەس بە ھۆی ئۆپەراسیۆنی موسڵ ئاوارە بوونە و 118 هه‌زار كه‌س لەوانە روویان لە ھەرێمی كوردستان كردووە و لە كەمپەكانی هه‌ردوو پارێزگاى هه‌ولێر و دهۆك نیشتەجێكراون.

ماڵپەری حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە خستنەڕووی ئاماری ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌يرانه‌كان بڵاوی كردەوە "شەپوڵی ھاتنی ئاوارەكان بۆ‌ هه‌رێمى كوردستان بەردەوامە و رۆژانە زياتر لە‌ 500 كه‌س خۆيان ده‌گه‌يەننه‌ سه‌نگه‌ره‌كانى پێشمه‌رگه‌ و له‌وێشه‌وه‌ بۆ ناوه‌ندى پێشوازى و كه‌مپه‌كان ده‌گوازرێنه‌وه‌".

ھۆشەنگ محەمەد به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌يرانه‌كان لەمبارەوە دەڵێت: "كەمتر لە 30 ھەزار ئاوارەی موسڵ و دەوروبەری بۆ سەر ماڵ و حالی خۆیان گەڕاونەتەوە. له‌ ماوه‌ى دوو هه‌فته‌ى رابردوو ژماره‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان زۆر كه‌مبۆته‌وه‌ وهاتنى ژماره‌ى ئاواره‌ زياتره‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان و به‌هۆى تێكچوونى بارودۆخى ئه‌منى لە رۆژھەڵاتی موسڵ و نه‌بوونى خزمه‌تگوزاری سەرەتایی ژیان، خه‌ڵك ماڵه‌كانيان بەجێ ده‌هێڵين و زۆربه‌يان روو له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن".

ئۆپەراسیۆنی رۆژئاوای موسڵ رۆژی 19 شوباتی 2017 دەستیپێكرد و ھەر یەك لە ھێزەكانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵ و حەشدی شەعبی بەشداری ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ دەكەن.

پۆلیسی فیدراڵ رۆژی 24 شوباتی 2017  كۆنتڕۆڵكردنی فڕۆكەخانەی موسڵی راگەیاند، كە رۆژی پێشتر بنكەی سەربازی غەزلانیان كۆنترۆڵكردبوو.

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌يرانه‌كان ھۆكاری وەستانی گەڕانەوەی ئاوارەكانی موسڵ و دەوروبەری دەخاتەڕوو و دەڵێت "هه‌رچه‌نده‌ پڕۆسه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاوارەكان لە لایەن دامه‌زراوه‌ راسپێردراوەكان له‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆ، ئاسايش و پارێزگاكان زۆر خێراتر كراوە و هاوكارى و كارئاسانى پێویست بۆ ئەو ئاوارانە ده‌كرێت كە به‌ شێوه‌یەكی ئاره‌زوومه‌ندانه بۆ ناوچەكانیان‌ دەگه‌ڕێنه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى دڵنيانين له‌ ئاسایشی خۆيان و بوونى خزمه‌تگوزارى و داھاتوویان، پڕۆسه‌ى گه‌ڕانه‌وەی ئاوارەكان‌ راوه‌ستاوه"‌.

لە بارەی ئاوارەكانی رۆژئاوای موسڵ ئاماژە بەوە دەدات "بە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی رۆژئاوای موسڵ شەپوڵێكی دیكەی ئاوارەبوون دەستیپێكرد و تا ئێستا زياتر له‌ 15 هه‌زار كه‌س ئاواره‌بوونه‌ و له‌ كه‌مپەكانى رۆژئاوى موسڵ نیشتەجێكراون".

رۆژئاوای مووسڵ زیاتر لە 35 گەڕەك لە خۆ دەگرێت و 40% شارەكە پێكدەھێنێت و پێشبینی دەكرێت 650 ھەزار كەس لەو بەشەی شارەكە لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا بن.

ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌يرانه‌كان بە نوێنەرایەتی حكومەتی ھەرێم بۆ پرسی ئاوارەكان ھەماھەنگی و ھاوكاری لەگەڵ ھەر یەك لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە ناحكومییەكان دەكات.

ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ لە 17 تشرینی یه‌كه‌می 2016 به‌ به‌شداری 100 هه‌زار كه‌س له‌ هێزه‌كانی عێراقی و كوردستانی ده‌ستیپێكرد، پاش ئەوەی بەشێكی زۆری ناوچەكانی دەوروبەری مووسڵ لە لایەن پێشمەرگە كۆنترۆڵكران، دوای زیاتر لە سێ مانگ دژە تیرۆری عێراق كۆنترۆڵكردنی رۆژھەڵاتی شارەكەی راگەیاند.

ئەم بەرپرسەی حكومەت گللەیی ئەوش دەكات حكومەتی فیدراڵ، كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تى، رێكخراوه‌كانى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تيه‌كان بۆ پرسی ئاوارەكان بە شێوەیەكی راستەوخۆ و وەك پێویست هاوكارى دامه‌زاره‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم ناكەن كە ھاتنی ئەم ئاوارانە بۆ ھەرێمی كوردستان بارگرانيیه‌كى دیكە خستووەتە‌ سه‌ر شانی دامه‌زراوه‌ ئه‌منی و مه‌ده‌نيیه‌كان بۆ پاراستن و دابینكردنی خزمه‌تگوزاری، كە بۆ خۆی بەدەست نەبوونی سه‌رچاوه‌ى دارايى و كه‌لوپه‌لى پێويست بۆ باشتر خزمەتكردنی ئاوارەكان دەناڵێنێت.

 JS