روسیا ھەڵوێستی خۆی لەبارەی سەربەخۆیی كوردستان رادەگەیەنێت

سەربەخۆیی كوردستان لە عێراق و سوریا پرسێكی ناوخۆییە

K24 - ھەولێر

جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا میخائیل بۆگدانۆڤ و نێردراوی ڤلادمیر پوتین بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا ھەڵوێستی وڵاتەكەی لەبارەی پرسەكانی وەك دەوڵەتی كوردی لە عێراق و ئەگەری دابەشبوونی عێراق و سوریا و یەمەن ئاشكرا دەكات.

بۆگدانۆڤ لەمبارەوە بە رۆژنامەی "الحیات" چاپی لەندەن رایگەیاند "لە ھەولێر بووم و لەگەڵ شاندی چەندین حزب كۆبوومەتەوە و سەركردەكانی سوونەم بینی و گوتیان ئێمە ئێستا لە ھەولێرین كە حكومەت و سەرۆك و ئاڵا و تەواوی تایبەتمەندییەكانی دەوڵەتی ھەیە و ئێمەش دەمانەوێت ھەر ئەو شتەمان لە سوریا ھەبێت".

نێردراوی پوتین ھەر لەم بارەوە گوتی "بە ئەوانم گوت ئەو پرسیارە بۆ روسیا نییە، چونكە ئەوە پرسێكە رێككەوتن لەسەر كراوە و بەشێكە لە دەستووری عێراق و ئەوان لەسەر ئەم بیرۆكەیە رێككەتوون و بە شێوەیەكی یاسایی جێبەجێیان كردووە".

بۆگدانۆف لە وەڵامی پرسیارێك لەبارەی دژایەتی توركیا بەرامبەر دەوڵەتی كوردی لە سوریا گوتی "ئەوە پرسیارێكی گرنگە: بۆ توركیا بۆ كوردستانی عێراق رازی دەبێت، بەڵام بۆ كوردستانی سوریا رازی نابێت؟ پێم وایە ئەوە پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە. ئەوە شتێكی ناوخۆیی عێراقی و سورییە. خەڵكی سوریا بڕیار لەسەر شێوازی دەوڵەت و سەركردایەتییەكەی دەدات، نەك روسیا یان توركیا. ئەوە ھەڵوێستی ئێمەیە، گۆڕینی سیستەم و رێكخستنی كاروبارەكانی كارێكی سیادی ناوخۆییە".

جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا بنەمای دیاریكردنی مافی چارەنووس بۆ یەمەن بە چارەسەری بۆ كێشەی ئەم وڵاتە نازانێت و دەڵێت "روسیا لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی یەمەن دایە و شیوازەكانی وەك فیدراڵی و لامەركەزی بە باش دەزانێت، بەڵام پێویستە بە شێوەیەكی یاسایی و دەستووری بێت.

JS