ئه‌ڵمانیا وێنه‌ی ئۆجه‌لان و درووشمه‌كانی په‌كه‌كه‌ قه‌ده‌غه‌ ده‌كات

ئاڵاكانی یەپەگە و ھەر درووشمێك قەدەخەكراون، كە گوزارشت لە پەكەكە و یەپەگە بكەن

K24 - هه‌ولێر:

حكوومەتی ئەڵمانیا ھەڵواسینی ئاڵای پەكەكە و وێنەكانی ئۆجەلان لە وڵاتەكەی قەدەخە دەكات.

پەیامنێری كوردستان24 لە بەرلین رایگەیاند، تۆماس دێ میزیێر، وەزیری ناوخۆی حكومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا، نامەیەكی بۆ ھەموو دامەزراوە ئەمنییەكانی 16 ھەرێمی ئەڵمانیا ناردووە، كە ئیدی ھەڵواسینی وێنەكانی عه‌بدوڵڵا ئۆجالان، رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و ئاڵاكانی ئه‌و حزبه‌، لە چالاكییە مەدەنییەكاندا قەدەخەیە، بەو پێیە ئیدی لایەنگرانی پەكەكە ناتوانن لە چالاكییەكانیاندا درووشمەكانی پەكەكە بەرز بكەنەوە.

وەزارەتی ناوخۆ، جگە لە ئاڵاكانی پەكەكە و وێنەكانی عەبدولڵا ئۆجالان، 33 لۆگۆی دیكەی قەدەخە كردوون، ھەروەھا ئاڵاكانی یەپەگە و ھەر درووشمێك قەدەخەكراون، كە گوزارشت لە پەكەكە و یەپەگە بكەن، بۆیە وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا داوای كردووە رێگە لە ھەر چالاكییەك بگیرێت كە ئەو جۆرە درووشم و وێنانەی تێدا بەكار بھێندرێن.

ئەمەش دوای ئەوە دێت كە چەند رۆژێكە توركیا رەخنە لە ئەڵمانیا دەگرێت بەوەی رێگەی لەوان گرتووە بانگەشەی ریفراندۆم بكەن، لە كاتێكدا رێگە بە چالاكییەكانی پەكەكە دەدات.