كۆسرەت رەسوڵ پەیامێك بڵاودەكاتەوە

"کەرکووک کوردستانییە و پێشمەرگەو ھێزە ئەمنییەکان پارێزەری سەرجەم نەتەوەو پێکھاتەکانن بەبێ جیاوازی"

K24 - ھەولێر

كۆسرەت رەسوڵ لە پەیامێكدا بەبۆنەی ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان، لەسەر دامودەزگا حكوومییەكانی كەركووك رایدەگەیەنێت، بەدرێژایی مێژوو و سەرجەم شۆڕشەکان، گەلی کورد و قارەمانانی لەپێناو شەکانەوەی ئاڵای پیرۆزی کوردستان جەنگاون، گیان و خوێنی ئاڵی خۆیان بەخشیوە لەپێناو ھەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەسەر ھەربستە خاکێکی وڵاتەکەمان بەتایبەتی كەركووك".

لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەی كۆسرەت رەسوڵ ھاتووە: "ھەروەک خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگەی کوردستان لە جەنگی پاراستنی کەرکووک و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرستان و دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر دانیشتوانەکەی و دابینکردنی ژیانێکی ئارام بۆ گشت پێکھاتە جیاجیاکانی ئەو شارە خۆڕاگرە، دەرخەری ئەو راستییەن کە کەرکووک کوردستانییە و پێشمەرگەو ھێزە ئەمنییەکان پارێزەری سەرجەم نەتەوەو پێکھاتەکانن بەبێ جیاوازی".

 

دەقی پەیامەكەی كۆسرەت رەسوڵ عەلی

 

جەماوەری خەڵکی کوردستان

بڕیاری بەفەرمی ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان ھاوشانی ئاڵای عێراق لەسەر دامودەزگاکانی کەرکووک لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکەوە مایەی خۆشحاڵیەو ولەم ڕۆژەدا گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەم و جەخت دەکەمەوە کە پێویستە ھەموومان پارێزەری ئاشتەوایی و پێکەوەژیان بین لە ناوچەکە.

کوردستانیانی خۆڕاگر...

بەدرێژایی مێژوو و سەرجەم شۆڕشەکان، گەلی کورد و قارەمانانی لەپێناو شەکانەوەی ئاڵای پیرۆزی کوردستان جەنگاون، گیان و خوێنی ئاڵی خۆیان بەخشیوە لەپێناو ھەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەسەر ھەربستە خاکێکی وڵاتەکەمان بەتایبەت شاری کەرکوکی قودس و سەری کوردستان، ھەروەک خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگەی کوردستان لە جەنگی پاراستنی کەرکووک و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرستان و دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر دانیشتوانەکەی و دابینکردنی ژیانێکی ئارام بۆ گشت پێکھاتە جیاجیاکانی ئەو شارە خۆڕاگرە، دەرخەری ئەو راستییەن کە کەرکووک کوردستانییەو پێشمەرگەو ھێزە ئەمنییەکان پارێزەری سەرجەم نەتەوەو پێکھاتەکانن بەبێ جیاوازی، بۆیە ئەمڕۆ کە لە کەشێکی تەواو دیموکراسیدا لەلایەن ئەنجوومەنی ھەڵبژێردراوی پارێزگای کەرکوکەوە کە نوێنەری ڕاستەقینەی ئەو شارە قارەمانەن دەنگ دەدرێ بە ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی لەسەر گشت دامەزراوە حکومیەکان و ناحکومیەکان، پێویستە لەسەر ھەموومان بە شانازییەوە ئەم ئاڵایە ھەڵبکەین و لەسایەیدا سەرجەم پێکھاتەو نەتەوە جیاوازەکان بە ئاشتەوایی بژین و ئازادی و دیموکراسی بۆ ھەمووان بەرقەرار بێ.

جارێکی تر پیرۆزبایی لە تەواوی کوردستانیان دەکەم و دروود و سڵاو دەنێرم بۆ گیانی پاکی ھەموو ئەو قارەمان و تێکۆشەرانەی لەپێناو ئازادی و شەکانەوەی ئاڵای کوردستاندا گیانی خۆیان بەخت کرد.

 

کۆسرەت رەسول عەلی

جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی

یەکێتی نیشتمانی کوردستان