فوئاد مه‌عسووم هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی كه‌ركوك ئاشكرا ده‌كات
K24 – هه‌ولێر
سه‌رۆك كۆماری عێراق فوئاد مه‌عسووم له باره‌ی ره‌وشی كه‌ركوك و به فه‌رمی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له دامه‌زراو و فه‌رمانگه فه‌رمییه‌كانی حكومه‌ت داوا له لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی كه‌ركووك ده‌كات زمانی دیالۆك و لێكتێگه‌یشتن له نێوان خۆیاندا به‌كار بێنن و هه‌ست به به‌رپرسیارێتی له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان بكه‌ن و پێداگریشی له‌سه‌ر پێكه‌وه‌ژیانی بنیاتنه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ده‌كات.
مه‌عسووم له به‌یاننامه‌یه‌كدا به ئاماژه‌پێدان به پشت به‌ستن به پره‌نسیپه‌كانی ده‌ستوور پێداگری له‌سه‌ر پێویستی جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 ده‌كات كه تایبه‌ته به داهاتووی كه‌ركووك و ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كانی دیكه، كه له لایه‌ن حكومه‌ته‌كانی پێشووی فیدراڵی له ساڵی 2005 ـه‌وه پشتگوێ خراوه.
سه‌رۆك كۆماری عێراق هه‌روه‌ها داوا ده‌كات حكومه‌تی عێراق ده‌ست به جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 ده‌ستوور بكات، هه‌ر وه‌ك چۆن له ده‌ستووردا هاتووه.
له كۆتاییشدا داوا ده‌كات لایه‌نه سیاسییه‌كان به‌رپرسیارێتی خۆیان بۆ پاراستنی به‌رژوه‌ندیی باڵای نیشتمانی جێیه‌جێ بكه‌ن و تیشك ده‌خاته سه‌ر گرنگیدان به پێشخستنی رزگاركردنی ته‌واوی خاكی عێراق له تیرۆریستان.
ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك رۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردوو 28 ئاداری 2107 به زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانی بڕیاریدا ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر دامه‌زراو و داموده‌زگا حكومییه‌كانی ئه‌م پارێزگا هه‌ڵبكرێت.
ئه‌م بڕیاره‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك كاردانه‌وه‌ی جیاواز لێكه‌وته‌وه. سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌ت و لایه‌نه كوردستانییه‌كان پێشوازییان له‌م بڕیاره كرد، به‌ڵام حكومه‌تی عێراق و لایه‌نه توركمانی و عه‌ره‌به‌كانی كه‌ركوك و هه‌روه‌ها توركیا له دژی وه‌ستاونه‌ته‌وه.