له‌نده‌ن: هێرشه‌كه‌ى ئه‌مريكا ته‌نيا هۆشدارى بوو

هێرشه‌كه‌ى سووپاى ئه‌مريكا بووه‌ هۆى وێرانكردنى به‌شێكى فڕۆكه‌خانه‌كه‌.

K24 – هه‌ولێر:

باڵێۆزى بريتانيا له‌ نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان رايگه‌ياند، ئه‌و مووشه‌كبارانه‌ى ئه‌مريكا بۆ سه‌ر سووريا ته‌نيا هۆشداريدانێك بوو به‌ ئه‌سه‌د.

به‌ره‌به‌يانى دوێنێ هه‌ينى، سوپاى ئه‌مريكا له‌ ده‌رياوه‌ 59 مووشه‌كى تۆماهۆكى ئاراسته‌ى فڕۆكه‌خانه‌ى شعيراتى سه‌ر به‌ پارێزگاى حمس كرد.

هێرشه‌كه‌ى سووپاى ئه‌مريكا بووه‌ هۆى وێرانكردنى به‌شێكى فڕۆكه‌خانه‌كه‌.

ئه‌مريكا رايگه‌ياندووه‌، ئامانج له‌ هێرشه‌كه‌ له‌ناوبردنى تواناى سه‌ربازى و ئاسمانى سوپاى ئه‌سه‌د بووه‌.

روونيشيكرده‌وه‌، سوپاى ئه‌سه‌د له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى شه‌عيراته‌وه‌ فڕۆكه‌ى ناردووه‌ بۆ بۆردومانكردنى خان شێخۆن كه‌ هه‌فته‌ى رابردوو به‌ هۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى گازى كوشنده‌ى كيميايى نزيكه‌ى سه‌د كه‌س گيانيان له‌ده‌ستدا و ده‌يانى ديكه‌ بريندار بوون.

ماسيۆ رايكرۆفت، باڵيۆزى بريتانيا له‌ نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان رايگه‌ياند، ئه‌و هێرشه‌ وه‌ڵامێكى گونجاو بوو بۆ هێرشه‌ كيمياييه‌كه‌ى ئه‌سه‌د بۆ سه‌ر خان شێخۆن.

گوتيشى: ئه‌گه‌ر رووسيا 7 جار له‌سه‌ر يه‌ك مافى ڤيتۆى به‌كارنه‌هێنابوايه‌، ئێستا ئه‌سه‌د رووبه‌ڕووى سزا و لێپرسينه‌وه‌ى ياسايى ده‌كرايه‌وه‌.