دەربارەی: کەمکردنەوەی ئۆتۆمبێل لە سەنتەری شارەکان و پاراستنی ژینگە

Kurd24

لە 4ی ئۆکتۆبەری 2006 گۆشەیەکم لە کوردستانی نوێ بەناوی: (شەقامی ئەربات لە مۆسکۆ) بڵاوکردەوە و تێیدا باس لە هەبوونی شەقامی تایبەت بۆ پیاسەکردن لەناو شارەکانی کوردستان دەکەم، کە ئۆتۆمبیل و ماتۆڕ و هەموو ئەوانەی بە تا یان مەکینە دەڕۆن لێخوڕینی لەمجۆرە شەقامانە قەدەغەیە...

ئەمجۆرە شەقامانە لە هەموو شار و شارۆچکەکانی ئەوروپا هەن و هەمووشیان لەناو سەنتەری شارن. هەندێک لەوان درێژی چەند کیلۆمەترێکە و هەندێکی دیکە تەنیا چەند سەد مەترێکە... لەم جۆرە شەقامانە دەیان کافیتێریا و چێشتخانە و دوکانی دیکەی جوان و پێویست هەن. تۆ پیاسە دەکەیت، هیچ ناترسیت لەپشتەوە کەسێک بێزارت بکا یان بە هۆڕن گێژت بکا، یان ماتۆڕێک خۆت پێدابدا...

زۆر بەداخەوە ئەمجۆرە شەقامانە جارێ لە کوردستان نین، هەرچەندە زۆر پێویستن، بەتایبەتیش بۆ زیادکردنی تۆریست و بەگەڕخستنی بازاڕ و جوانکردنی ڕووی شار.

دەمێکە لە هەندێک پایتەخت و شارە گەورەکانی ئەوروپی، بۆئەوەی ژینگەی شار بە پاکی بهێڵنەوە جۆرە زەریبەیەکیان لەسەر هەموو ئەو ئۆتۆمبیلانەی دەچنە ناوشار داناوە، کە بەزمانی ئینگلیزی: Congestion pricing یان  congestion charges پێدەڵێن.

لە هەموو ئەو خاڵانە یان ڕێگایانەی دەچنەوە ناو سەنتەری شار، کۆمەڵێک کامیرا داندرایە و وێنەی ژمارەی ئۆتۆمبیلەکە دەگرێت و ئەو بڕە پارەیەی دەخرێتە سەر، کە لەوکات بۆی داندراوە. بڕی پارە لە کاتێک بۆ کاتێكی دیکە جیاوازە و لە رۆژانی پشوو بەخۆڕاییە و گرانترینیش بۆ چوونە ناوشار و بۆ یەکجار نزیکەی پێنج هەزار دیناری لایخۆمانە و هەرزانترینیش نزیکەی سێ هەزار دینارە... کاکی شۆفێر لە چوونە ناوشار دەبی ئەو بڕە پارەیە بدات و بیگومان لە هاتنە دەرەوەش دیسان دەبی بڕە پارەی دیارکراو بدا.

ئەگەر لەکاتی خۆی یان لەو کاتەی بۆپارەدانی دیارکراوە، بڕە پارەکە نەدرێ، زۆر زێتری دێتە سەر... بۆ ئەوانەی لەناو شار دەژین، بڕە پارەیەکی نەگۆڕی مانگانەیان بۆدیاری کراوە.

بۆئەوەی شۆفێران تووشی سەرئێشەی دان و نەدان یان لەبیرکردن نەکەن و لەکاتی خۆی پاره‌کە بدەن، زۆربەیان بە شێوەی ئۆتۆماتیکی لەسەر ژمارەی کۆنۆتۆی بانقیان بڕە پارەی دیارکراو دەهێندرێتە دەر.ئەمجۆرە زەریبەیە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لە نەرویج هەیە.

لە وڵاتی سوید لە ڕێفێرێندۆمێکی لۆکالی شاری ستۆکهۆڵم لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2006 ئەم پرسیارە ئاراستەی هاوڵاتییانی ستۆکهۆلم کرا و لە 1ی ئابی 2008 زەریبەیەکی تایبەت بۆ چوونە ناو سەنتەری ستۆکهۆڵم لەسەر ئۆتۆمبیل داندرا و تا ئێتساش بەردەوامە.

ئەم کاتانەی بۆ وەرگرتنی زەریبە دیاریکراون لەنێوان 6:30 ی بەیانی تا 18:29ی ئێوارانە و نرخیشی لەنێوان 11 کڕۆن تا 35 کڕۆنە. بۆ یەک رۆژیش 105 کڕۆنە.پەڕینەوە لە سەر هەندێک پرد و ڕۆیشتن بە هەندێک ڕێگا، دەمێکە لە زۆر وڵاتی جیهان هەیە و یەک لەو وڵاتانەش تورکیای دراوسێیە. وەرگرتنی بڕە پارەیەک، ڕێگات بۆ کورت دەکاتەوە و جگە لەوەی ڕێگاکە زۆر خۆشتر و خێراتریشە.

وڵاتی سینگافور یەکەم وڵاتە لە جیهان ئەمجۆرە زەریبەی لەسەر ئۆتۆمبیل لە ساڵی ١٩٧٥دانا. لەندەن لە ساڵی 2003 ئەمجۆرە زەریبەەی دانا، میلانۆ زەریبەیەکی بەناوی ژینگە (Ecopass) لە ساڵی 2008 دانا، لەساڵی یەکەم ئەو ئۆتۆمبیلانەی لەکاتی وەرگرتنی زەریبە دەچوونە ناوشار بە ڕێژەی 12% کەمی کرد.

دانانی ئەمجۆر سیستێمە بۆ کوردستان لەوانەیە بۆ کاتێکی وەک ئێستا زۆر پێویستبێت، بۆئەوەی ژینگەی ناو شارەکان بە پاکی ڕابگرین و ئەو پاڵەپەستۆیە زۆرەش لەسەر سەنتەری شارەکان کەم بکەینەوە.

جگە لەوە دەبێتە یارمەتیێکی زۆر باش بۆئەوەی بەو بڕە پارەیە شەقامەکان جوان بکەن، پاکتر ڕایبگرن، خەڵکیش ئارامتر پیاسە بکات و هەوای پاکتر هەڵبمژیت. ئەگەر دەست بەکارێکی لەو شێوەیە بکرێ، دەبی زوو بڕیاربدەن و نەهێڵن خەڵک لەسەرشەقامەکان شتبفرۆشێ و ئەم شەقامە تازە و جوانانە بکرێتە یەکپارچە دوکان و بازاڕی شەعبی.