دكتۆره‌ سه‌ماكه‌ره‌كه‌ خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی میسر ده‌پاڵێوێت

"ئەگەر لە ھەڵبژاردن سەربكەوم و ببمە سەرۆك، بۆ خولی دووەم خۆم كاندید ناكەم، چونكە قەناعەتم بە دەستاودەستكردنی دەسەڵات ھەیە"

K24 - ھەولێر

ژنە مامۆستایه‌كی  زانكۆ لە میسر كە بە "دكتۆرە سەماكەرەكە" ناسراوە خۆی بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی میسر لە ساڵی 2018 دەپالێوێت.

بڵاوبوونەوەی ئەم ھەواڵە، بەكارھێنەرانی سۆسیال میدیا لە میسر بە خۆوە سەرقاڵكردووە، كە پێشتر ڤیدیۆی سەماكردنی بڵاو دەكرایەوە.

مونا پرینس، مامۆستای زانكۆ لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك باس لە گەڕاندنەوەی زانست، تەكنیك و ئازادی بۆ میسر دەكات و پێشی وایە میسرییەكان دەبنە گەلێكی بەرھەمھێنەر و بەشداری لە شارستانییەتی مرۆڤی دەكەن. بەڵام ھیچ بەڵێنێك نادات بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی میسر و خەڵكەی لە ماوەی ساڵێك یان دوو ساڵ یان 10 ساڵ، چونكە پێی وایە "گۆڕانكاری راستەقینە پێویستی بە كاتی زیاتر ھەیە".

ئەم مامۆستایە كە زیاتر بە سەماكردنییەوە ناسراوەتەوە، لە بەشێكی دیكەی قسەكانی دەڵێت ئەگەر لە ھەڵبژاردن سەربكەوم و ببمە سەرۆك، بۆ خولی دووەم خۆم كاندید ناكەم، چونكە قەناعەتی بە دەستاودەستكردنی دەسەڵاتی ھەیە.