مانچیسته‌ر خۆشه‌ویستی خۆی بۆ داعش ده‌نێرێت
K24 - هه‌ولێر:
مانچیسته‌ر خۆشه‌ویستی خۆیتان بۆ ده‌نێرێت، به‌م گوزارشته كه له‌سه‌ر بۆمبی "بیفوای 4، نووسرابوو، هێزی ئاسمانی شاهانه‌ی بریتانیا، له وه‌ڵامی هێرشه‌كه‌ی شاری مانچیسته‌ردا، كه 22 كه‌س كوژران و زیاتر له 55 كه‌سی دیكه برینداربوون، پێگه‌كانی داعشی له سوریا بۆردوومانكردووه.
له سه‌ره‌تادا هه‌ندێك پێیانوابووه ئه‌و نامه‌یه ساخته‌یه یان فێڵه كه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوبووه‌ته‌وه، به‌ڵام رۆژی 25/5/2017 به‌رپرسانی هێزی ئاسمانی بریتانی هه‌واڵه‌كه‌یان پشتڕاست كردبووه‌وه.
وێنه‌ی ئه‌و بۆمبه‌ی نامه‌كه‌ی بۆ داعش له‌سه‌ر نووسرابوو، له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر بڵاوكرابووه‌وه و به‌كارهێنه‌رێكی ئه‌و تۆڕه كه شاره‌زای ئه‌و چه‌ك و بۆمبه زیره‌كانه‌یه كه فڕۆكه‌كان هه‌ڵی ده‌گرن له‌سه‌ر وێنه‌كه‌ی نووسیبوو" ئه‌وه ئه‌و نامه‌یه‌یه كه پێش ته‌قاندنی له‌سه‌ر بۆمبی هێل فایه‌ر نووسراوه‌و له سووریا دژی داعش به‌كارهێنراوه، وێنه‌كه هاوڕێیه‌كم له هێزی ئاسمانی شاهانه‌ی بریتانی بۆی ناردووم".
له‌سه‌ره‌تادا راپۆرته‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌كردبوو كه نامه‌كه له‌سه‌ر بۆمبی "هێل فایه‌ر" نووسراوه، به‌ڵام دواتر بڵاوكرایه‌وه كه ئه‌وه "بیفوای 4" و به لێزه‌ر ئاراسته ده‌كرێت.
دواتریش ئه‌فسه‌رێكی هێزی ئاسمانی بریتانی رایگه‌یاندبوو" وێنه‌كه ته‌واوه‌و پێش ئه‌وه‌ی ئاراسته‌ی مۆڵگه‌كانی داعش بكرێت ئه‌و نامه‌یه‌ی له‌سه‌ر نووسراوه".