ئاسايشى سويد: به هه‌زاران توندڕه‌و له وڵات‌دا هه‌ن
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكى راژه‌ى ئاسايشى سوويد، ئه‌ندريس تورنبێرگ رايگه‌ياند، ژماره‌ى ئه‌و توندڕه‌وانه‌ى له سويد ده‌ژين له 200 كه‌سه‌وه بۆ ساڵى 2010 گه‌يشتووته هه‌زاران كه‌س له 2017دا.
تورنبێرگ، له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسى "TT"ـى سويدى گوتى: په‌ره‌سه‌ندى توندڕه‌وى و ژماره‌ى توندڕه‌وه‌كان له سويد، هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى مێژوويى نوێيه.
روونيشيكرده‌وه، ئه‌و ديارده‌يه په‌يوه‌سته به پڕوپاگه‌نده‌ى داعشه‌وه كه له ژێر ئاڵاى خۆي‌دا گرووپه توندڕه‌وه‌كانى هه‌ر له خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاسته‌وه تا باكوورى ئه‌فريقا و سۆماڵ كۆكردوونه‌ته‌وه.
ئه‌و به‌رپرسه‌ى ئاسايشى سويد ئاشكراشيكرد، مانگانه پۆليس 6 هه‌زار سكاڵا و زانيارى نهێنى و هه‌واڵگرى له باره‌ى ئه‌گه‌رى روودانى هێرشى چاوه‌ڕوانكراوى پێده‌گات. ئه‌مه له كاتێكدا له 2012دا ژماره‌ى ئه‌و سكاڵا و زانياريانه نه‌ده‌گه‌يشته دوو هه‌زار.
پێشتريش ئاسايشى سويد رايگه‌ياندبوو، 300 هاووڵاتى سويدى شانبه‌شانى چه‌كدارانى داعش له عێراق و سووريا شه‌ڕ ده‌كه‌ن.