شاندێكی حكوومەتی عێراق گەیشتە ھەولێر

چەند پرسێكی نێوان ھەولێر و بەغدا لەگەڵ سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكەن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

كەمێك پێش ئێستا شاندێكی حكوومەتی عێراق، گەیشتە ھەولێر و لەلایەن ژمارەیەك لە وەزیر و كاربەدەستانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر پێشوازیان لێكرا، بڕیاریشە بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێكی نێوان ھەولێر و بەغدا لەگەڵ سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كۆببنەوە.

پەیامنێری كوردستان24 لە فڕۆكەخانەی ھەولێر رایگەیاند: "شاندەكەی حكوومەتی عێراق پێكاھاتوون لە وەزیری نەوت و وەزیری كارەبا و كشتوكاڵ و پەروەردە و ژمارەیەك لە بریكارانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، سەردانی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان دەكەن و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كۆدەبنەوە".

گوتیشی: "شاندەكەی حكوومەتی عێراق، چەند پرسێكی نێوان ھەولێر و بەغدا لەگەڵ سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكەن وەك، پرسی نەوت و وزەی ئەو ناوچانەی كەوتوونەتە سنووری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، ھەروەھا كێشەی بواری كشتوكاڵ لە نێوان ھەردوولادا، بەتایبەتی كێشەی وەرنەگرتنی گەنمی جوتیاران كە ئەمساڵ حكوومەتی عێراق رێژەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی كوردستانی كەمكردووەتەوە، ھەر لە كۆبوونەوەكە باسی كەرتی كارەبا و پەروەردە دەكرێت".