قالیباف: رۆحانی دز و درۆزنه‌

قالیباف بڕیاری جیاكردنەوەی شوستەكانی تارانی پایتەختی بۆ ژنان و پیاوان دەركردبوو

K24 - ھەولێر

یەكێ لە پالێوراوانی پارێزگاران بۆ سەرۆك كۆماری ئێران بە توندی وەڵامی لێدوانێكی حەسەن رۆحانی دەداتەوە و بە "درۆزن" و "دزی" تۆمەتبار دەكات.

محەمەد باقر قالیباف بە درۆ خستنەوەی لیدوانێكی رۆحانی گووتی: "ئەمرۆ پێویستمان بە جیھاد دژی درۆزنی ھەیە".

رۆحانی كە چوار ساڵە سەرۆك كۆماری ئێرانە، خۆی بۆ خولێكی دیكەی سەرۆك كۆماری پاڵاتووە، لە بانگەشەیەكی ھەڵبژاردن بە ناراستەوخۆ ئاماژە بە قالیباف و لایەن سیاسییەكانی ھاوئاراستەی ئەو كرد و گووتی "لە كۆبوونەوەیەكدا بڕیاریان دابوو شووستەكانی تاران بۆ ژنان و پیاوان جیا بكەنەوە".

قالیباف شارەداری تارانە و بە دووەم پاڵێوراوی پارێزگاران بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری ئەژمار دەكرێت.

ئەم پالێوراوەی پارێزگاران لەم بارەوە گووتی "مەگەر شووستە، حەمامی ژنان و پیاوانە، كە دیوارێك تێیدا بكێشین؟ قسەیەك بكەن كە لە كاتی تەنیابوون بە خۆتان پێنەكەنن و سووكایەتی بە ھەست و تێگەیشتنی ئەم میللەتە نەكەن".

قالیباف لە بارەی تۆمەتباركردنی رۆحانی بە دزیكردن ئاماژەی بەوەدا "ئەگەر تۆ پارێزەری ئازادی بوایت، بڕیاری فیلتەركردنی ماڵپەری (کارانه‌)ت نەدەدا. بەداخەوە ماڵپەرێكی دیكە بە ناوی كاروەرزی بۆ خۆتان دەكەنەوە، كە ئەمە دزییە".

ھەر سێ پالێوراوی پارێزگاران لە بانگەشەكانی ھەڵبژاردن قورساییەكەیان خستووەتە سەر بواری ئابووری و بۆ ئەم مەبەستەش بە توندی رەخنە لە سیاسەتە ئابوورییەكانی رۆحانی دەگرن و بەڵێنی چارەسەركردنی بێكاری و بەرزكردنەوەی رێژەی یارانە دەدەن. ئەو بەڵێنانە لە لایەن ریفۆرمخوازانەوە بە "پۆپۆلیستی" و ھەوڵێك بۆ "فریودانی خەڵك" بەناو كراون.